سۆزان حسێن، پارێزەر لەبارەی کەیسەکەی حاجی عەتا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بابەتەکە تائێستا یەکلانەبۆتەوە و تەنها ئەوەیە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی پێی وایە ئەم بابەتە (عنصری جزائی) واتا ڕەگەزی تاوانی تیا نییە و بابەتەکە مەدەنییە.
ئەو پارێزەرە لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەشڵێت "سکاڵاکار کە حاجی عەتایە دەتوانێت لەدادگای بەرایی بەداوایەکی شارستانی، داوای مافی خۆی بکات و ئێمەش لەبەردەم سەرۆک وئەندامانی دادگای تاوانەکانی سلێمانی تانەمان لە بڕیارەکەی دادوەری لێکۆڵینەوە داوە چونکە پێمان وایە ڕەگەزی سزایی تیایە".
سۆزان حسێن جەختی لەوەشکردووەتەوە "دادگای تاوانەکان داوای پەڕاوەکەیان کردووە تا وردبینی تیادا بکەن و یەکلایی بکەنەوە".
پێشتر هەورامان گەچێنەیی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵی 2009 پارەی لە چەند کەسێك وەرگرتووە و کاری پێوەکردووە، کە یەکێک لەو کەسانە حاجی عەتا بووە، دواتریش پارەکەی بۆ گەڕاندووەتەوە، بەڵام حاجی عەتا ئەوە ڕەتدەکاتەوە و سکاڵای کردووە.
#باشووری کوردستان