کوردستان

پەرلەمانتارێکی کورد: بەغدا هێشتا تێبینی لەسەر لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان هەیە

03/06/2024

دەنگوباس
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە هەردوو پەرلەمانتار نەرمین مەعروف و خەلیل غازی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵیان کرد، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی دارایی پەیوەست بە پشک و شایستە داراییەکانی هەرێم".

نەرمین مەعروف دەشڵێت "تایبەت بە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان، پەیوەندی هەیە بە تەواونەبوونی ووردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و ئەو تێبینیانەی وەزارەتی دارایی هەیەتی لەسەر زانیاری و لیستی مووچەکانیان".

ئەوەش لەکاتێکدایە زیاتر لە 45 ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی کۆتا مووچەی هێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دیارنییە بەغدا کەی پارە بۆ مووچەی ئەو هێزانە دەنێرێت.
#مووچە
#حکومەتی هەرێمی کوردستان