کوردستان

مەسرور بارزانی: جێگەی داخە تا ئێستا لەسەر مووچە لەگەڵ بەغدا دانوستان دەکەین

03/06/2024

دەنگوباس
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە گفتووگۆ دەکەین".

مەسرور بارزانی ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانی دانانی بەردی بناغەی دوو پارک لە شاری دهۆک ڕایگەیاند، "لەبەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە و قەیرانە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کورستان و فیدراڵیدا دەکەین. پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی ڕاگەیاندن".

مەسرور بارزانی وتیشی "وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سامانی سرووشتی و ماددیی زۆرمان هەن، تەنها ئیدارەدانێکی باشترمان پێویستە تاوەکو بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان. هیوادارم چی دیکە کاتەکمان بۆ دروستکردنی گرفت و کێشە و ناکۆکییەکان نەفەوتێنین".

سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد "هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت، سەرۆک و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق کۆبووینەوە. بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا دانوستانمان لەسەر چارەکردنی ڕیشەیی کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد".
#مەسرور بارزانی