دەنگوباس
ڕێبوار خۆشناو، پارێزەر دواى ئەوەى کەیسێکى کوشتن ئاشکرا دەکات كە كوڕی بەرپرسێكی دەستڕۆیشتوو تێیدا تۆمەتبارە، بەردەوام هەڕەشەى لێدەکرێت.
ئەو پارێزەرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕووداوی کوشتنەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە ڕێکەوتی ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٧، هاوسەرەکەم بە ناوی ساوێن کەمال غەمبار کە مامۆستا بوو، لە ڕێگا کە بە ئۆتۆمبێل دەچوو بۆ سەر کارەکەی لە ڕێگای هەولێر لەلایەن تۆمەتبار “ژیر سەرباز نادر هەورامی” بە ئۆتۆمبێلەکەی هەراسان دەکرێت، کە دەبێتە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی ئەو مامۆستایە و گیان لە دەست دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەم ڕووداوە لە دادگا سکاڵام تۆمار کرد، بەڵام بەهۆی دەستڕۆیشتوویی باوکی تۆمەتبار، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەنێوان دادگا و پۆلیس لێ ونکردم، سەرەڕای ئەوەش بەردەوام هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردم بۆئەوەی دەست لەسەر سکاڵاکە هەڵبگرم.
وتیشی، ئەم کەیسە تا ساڵی ڕابردوو ون بووبوو، بەڵام دووبارە دەستم بە سکاڵا کردەوە تا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچوو، بەڵام بەهۆی پاڵپشتیکردنی کەسێکی دەسڕۆیشتوو بێئەوەی سزا بدرێت ئازاد کرا.
#باشووری کوردستان