کوردستان

ستران عەبدوڵا: ئەو لایەنەی هەڵبژاردنی دواخست دەبێت بەرپرسیارێـی ئەو تاوانەش لە ئەستۆبگرێت

02/06/2024
ستران عەبدوڵا

دەنگوباس

ستران عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند، یەكێتی هەموو كاتێك ئامادەی هەڵبژاردن بووە و ئامادەشە لە هەر كاتێكدا هەڵبژاردن بكرێت.

وتیشی، دواخستنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی كە دیاركرابوو لە ئەستۆی ئەو لایەنەدایە كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی ڕێگربوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەبێت بەرپرسیارێـی ئەو تاوانەش لە ئەستۆبگرێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان ڕایگەیاند، وەك یەكێتی خۆمان بە حزبی هەڵبژاردن دەزانین و خەباتیشمان بۆ ئەوە بووە كە دیموكراسی و هەڵبژاردن ببێتە بنەمایەكی سەرەكی لە حكومڕانیدا بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە پێمان باشبوو لەو وادەیەی كە دیاریكرابوو لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە و كۆمسیۆنیش ئامادەكاری بۆ كردبوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت و ئەنجامەكەشی هەرچییەك بێت هەموولایەك پێی ڕازیبن، بەڵام ئەو لایەنەی كە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی هۆكاری دواخستنی هەڵبژاردن بووە لەو وادەیە دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو دواخستنە بگرنە ئەستۆ.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، وەك یەكێتی ئامادەن بۆ هەڵبژاردن و پێمانوایە نەریتی دواخستنی هەڵبژاردن زۆر خراپە، چونكە یەكێك لە بنەماكانی دیموكراسی ئەوەیە كە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێت، بۆیە وەك یەكێتی بۆ هەر دواخستنێك بەرپرسیارێتی هەڵناگرین و ئەو كەسانە بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن كە دوایانخستووە.


#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#باشووری کوردستان