دەنگوباس
لە میانەى پێشکەشکردنى وتارێک لە ئاهەنگى دەرچوونى خوێندکارانى زانکۆى ئەمریکى لە دهۆک سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگەیاند، کار بۆ خەرجکردنى بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان دەکەین، هاوکات نێچیرڤان بارزانى جەختی لەوەکردەوە، دەبێت عێراق دەوڵەمەندییەکەی بۆ خزمەتی باشتر بقۆزێتەوە
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمارى عێراق ڕایگەیاند، کاردەکەین بۆ خەرجکردنى بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى دەستوورى عێراق.
سەرۆک کۆمارى عێراق ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرۆکایەتى کۆمار هەوڵمانداوە بۆ باشکردنى پەیوەندییەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵى عێراق.
وتیشى، سەرۆکایەتى کۆمار بە پەرۆشەوە کار دەکات بۆ ڕەخساندنى ڕێگەى تێگەیشتن و زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا لەسەر بنەماى دەستوور و دادپەروەریى.
جەختیشی کردەوە، لەسەرۆکایەتى کۆمار کار دەکەین بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیى نێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان.
وتیشى، بەدواداچوون بۆ خەرجکردنى بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان و پارێزگاکانى تر و بەدیهێنانى دادپەروەریى، دەکەین.
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتى عێراق لێکتێگەیشتن دروستبووە و بۆ ئەوەی چارەی بنەڕەتی کێشەکان بکەین تا سەقامگیری سیاسی دروست ببێت، بەتایبەتى ئەوانەى پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانى مووچەخۆران و خەڵکەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین کە هاوکار بووە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
جەختی لەوەشکردەوە، خۆشحاڵین بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، چارەسەرکردنی کێشەکان خزمەت بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، تا بتوانێت دەوڵەمەندییەکەی بۆ پێێشخستن و خزمەتی باشتر بقۆزێتەوە.
#نێچیرڤان بارزانی
#باشووری کوردستان