کوردستان

بڕیار ڕەشید: پێش جەژن مووچەی مانگی ئایار دابەش دەکرێت

02/06/2024
بڕیار ڕەشید

دەنگوباس

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێكارەكانی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا دەستیپێكردووە و چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیە مووچەی هێزە ئەمنییەكان بنێردرێت.

بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەو هەوڵانەی دراون چاوەڕواندەكرێت لەم هەفتەیەدا مووچەی هێزە ئەمنییەكان بنێردرێت و ئێستا ڕێكارەكانی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان لە بەغدا دەستپێكردووە.

وتیشی، دوای گەیشتنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان لە هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆران بۆ بەغدا دەنێدرێت کە بتوانرێت پێش جەژن مووچەی مانگی ئایار دابەشبكرێت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە بەغدا هەموو لایەنەکان کۆک بوون لەسەر ئەوەی بابەتی مووچە بەیەکجاری و بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، سەرۆکی حکومەت زۆر ڕژدە لەسەر ئەوەی لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیكەی دوو مانگە مووچەی بەشێكی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكانی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە و تا ئێستاش لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغدا نەكراوە، هاوكات تا ئێستا لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا نەکراوە.

 


#مووچە
#باشووری کوردستان
#عێراق