جیهان

ئۆپیک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە

02/06/2024
ئۆپیک پڵەس

دەنگوباس

بازاڕەکانی وزەی جیھان، چاویان لە کۆبوونەوەکەی ئۆپیک پڵەس-ە بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیار بدات ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ کەمبکاتەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیته‌رز کە له‌ زاری سه‌رچاوه‌كانی خۆیه‌وه‌ دەستیکەوتووە ‌، ئۆپێك پلەس بڕیاریدا ڕێككه‌وتنی ناچاری كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت کە بڕیاربوو لە كانونی دوه‌می ساڵی  2025 کۆتایی بێت درێژبكاته‌وه‌ تا كۆتایی ساڵی 2025.

ماڵپەڕی عەرەبییەی سعودی بڵاویکردەوە، کە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئۆپیک پڵەس لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشێوەیەکی داخراو ئەنجامدرا، بەڵام وەزیرانی نەوت و وزەی ئەو وڵاتانەی کە لەچوارچێوەی ئۆپیک پڵەس ئارەزوومەندانە ئاستی بەرھەمھێنانی نەوت کەم دەکەنەوە، ئەمڕۆ سەردانی ڕیاز پایتەختی سعودیەیان کرد و لەوێ ڕووبەڕوو، سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرھەمھێنانیان تاوتوێ کرد، کە حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ئامادە بوو.

هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا كه‌ وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی ئۆپێك له‌خۆده‌گرێت، بڕیاری دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی به‌ 39.7 ملیۆن به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا دیاریكرد.

بە پێی ڕێکەوتنی ئۆپیک پڵەس، پێویستە وڵاتانی ئەندام و هەروەها وڵاتانی بەرهەمهێنەرانی سەربەخۆ، ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت کەم بکەنەوە.
ھاوکات ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازارەکانی جیھاندا لە ٨١ بۆ ٨٤ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش لە ئاستی پێشبینییەکانی ئۆپیک پڵەس بە ١١ دۆلار کەمترە، چونکە ئۆپیک پڵەس پێشبینی کردووە کە نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازارەکانی جیھاندا، بگاتە ٩٥ دۆلار


#نەوت
#جیهان