راپۆرت و چاوپێکەوتن

ناکۆکییەکانی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی

02/06/2024

دەنگوباس
هەرچەندە بە لێدوانی بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وا دەردەکەوێت هەردوولا بیانەوێت پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقع شتێکی دیکەیە و ئاماژەیە بۆ هێندەی دیکە ترازانی پەیوەندییەکانیان.

ڕۆژی شەممە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بۆ ئەمساڵ هێندەی دیکە ناکۆکیی باڵێکی نێو پارتی لەگەڵ یەکێتی زیاتر زەق بووەوە. مەکتەبی سیاسی پارتی بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیەوە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە کراوە دەڵێت "جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە سەر ھەماھەنگی و تەبایی و ھاوخەباتیمان".

دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی بەهەمانشێوە پەیامەکەی ئاڕاستەی سەرۆکی یەکێتی کرد و وتی "مێژووى خه‌بات و تێكۆشانتان به‌رز هه‌ڵده‌سه‌نگێنين".

ئێوارەی هەمان ڕۆژ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتی کرد، بەڵام پەیامەکەی مەسرور بارزانی بە یەك وشە ناوی سەرۆکی یەکێتی تێدا نەبوو، بەوەش ناکۆکییەکانی ئاڕاستەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هێندەی دیکە زەق بووەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پارتێکی سیاسییە لە باشووری کوردستان و پێگەی سەرەکیی دەکەوێتە شاری سلێمانی، حزبەکە ئەندامە لە رێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی جیھانیی و لە 1ی حوزەیرانی ساڵی 1975 دامەزراوە.

ناکۆکییەکان لە نێوخۆی پارتیەوە بۆ یەکێتی

دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری پێشووی یەکێتی، پارتی هەوڵیدا مەسعود بارزانی سەرۆکی حزبەکەی ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ڕێکخستنەوە و بڕیاردان لەنێو یەکێتی، بەڵام ئەو هەوڵانە شکستیانهێنا و کارەکتەرە سیاسییەکانی شەش ساڵی ڕابردووی نێو یەکێتی دژی ئەو خواستە بوون.

هەربۆیە لە ئاڕاستەکردنی پەیامی پیرۆزبایی بۆ یەکێتی دیوێکی دیکەی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی پارتیش هاتەوە سەر شانۆی سیاسی، بەوەی مەسعود بارزانی هیچ پەیامێکی نەبوو، مەسرور بارزانیش لە پەیامەکەیدا ناوی باڵاترین دەسەڵاتی یەکێتی کە سەرۆکە نەهێناوە. لەبەرامبەردا ئاڕاستەکەی دیکەی پارتی کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، بە گونجاوتری دەزانن مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بکەن.

هەرچەندە ناوی بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەی مەسرور بارزانیدا نەهاتبوو، بەڵام ڕستەکان پەیامێک بوون بۆ سەرۆکی یەکێتی، بەتایبەت لەو بەشەیدا کە دەڵێت "هیوادارم لە پشتیوانیی حکومەت بەردەوام بن ". ئەوەش ڕەخنەیەکە بەردەوام لە سەرۆکی یەکێتی دەگیرێت بەوەی پاڵپشتی حکومەتی هەرێم نیە.

پێشوازییە ساردەکەی پارتی لە ساڵیادی یەکێتی هەر بە تەنها لە پەیامەکاندا ڕەنگی نەدایەوە، بەڵکو کاتێک ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە هاوینەهەواری دووکان مەراسیمێک ڕێکخرا، کەسی یەکەم تا سێیەمی پارتی لەو مەراسیمەدا نەبوون، تەنیا لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی عەلی حوسێن بەشداربوو.

چەندە پەیامەکانی پارتی نیشاندەری ئەوەبن لەگەڵ یەکێتیدا لە ناکۆکیدان، هێندەش پەردە لە ڕووی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی پارتی هەڵدەماڵێت، بەتایبەت لەسەر دوو پرسی زۆر گرنگ کە یەکەمیان وەزیری سامانە سروشتییەکانە و ماوەی دوو ساڵە پۆستەکە بەتاڵە، بەڵام ناکۆکییەکانی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەسەر دانانی کەسێك، وایکردووە پۆستەکە بە بەتاڵی بمێنێتەوە.

پۆستێکی دیکە کە بەشێکی کێشە نێوخۆییەکانی پارتیە، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە، کە تا ئەوکاتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران بوو، مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجومەنەکە بوو، هاوکات تا ئەو کاتەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم بوو، ئەنجومەنەکە بە سەرۆکایەتی هەرێمەوە بەسترابووەوە، بەڵام دوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەك سەرۆک وەزیران و نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆکی هەرێم، ئەنجومەنی ئاسایش لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە بۆسەر ئەنجومەنی وەزیران گواسترایەوە، هەرچەندە تا ئێستا ئەنجومەنەکە بەبێ ڕاوێژکارە، بەڵام دەکرێت بوترێت مەسرور بارزانی هێشتا ڕاوێژکاری سێبەری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە.

بافڵ تاڵەبانی جیاواز لە ماوەکانی ڕابردوو، لە ساڵیادی حزبەکەیدا بە وتاری ئاگرینەوە دەرکەوت، ئەوە جگە لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ڕۆژنامەی فەرمی حزبەکەی کردبووی و باسی لەوەکردبوو، "دەبینین ئەو کریستیانانە لە عەنکاوە زۆربەیان بار دەکەن دەڕۆن، کە دەبێت ئەمە بەهەشت بێت بۆ کریستیانەکان لە عەنکاوە، چالاکوانێک قسە دەکات دەیگرن و دەیکەن بە تیرۆریست، ئەمە چۆن دەبێت وابێت؟ خەڵک رای خۆی دەڵێت قسە دەکات، هەڕەشەی لێدەکرێت، ناوێرێت خۆپیشاندان بکات دەترسێت دەڵێت دەردەکرێم لە کارەکەم! ئاخر ئەمە چۆن دەبێت؟ بۆیە ئێمە بۆ دواوە دەڕۆین، جاران جیاوازیمان هەبوو لەگەڵ عیراق، دەمانوت کوردستان وایە، دادگای وایە، حکومەتی وایە، بەڵام خەریکە هەموو ئەو شتانە لەدەستدەدەین". ئەو قسانەش هەم گورزێکە بۆ پارتی کە هەولێر بە پێگەی سەرەکی خۆی دەزانێت، هەم ڕەخنەی توندن لە حکومەتی هەرێم کە دادگاکانی خستووەتە ژێر هەژموونی خۆیەوە.

ئێستا هەرچەند هەوڵبدرێت قەبارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی بچووک بکرێتەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردن و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پاشانیش هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کابینەی 10، ناکۆکییەکان گەورەتر و زەقتر سەرهەڵدەدەنەوە، چونکە نەپارتی دەستبەرداری پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەبێت، نە یەکێتیش ئەزموونی خۆی لەگەڵ کابینەکەی مەسرور بارزانی لەبیر دەکات.


#پارتی دیموکراتی کوردستان
#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان