دەنگوباس
وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بەردەوامە.
محەمەد حەنوون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەى وەرگرتنى گەنمی جوتیارانەوە بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند، بەو بڕە گەنمەی تا ئێستا لە جوتیارانی عێراق وەرگیراوە، پێویستی عێراق لە گەنم پڕکراوەتەوە، پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانیش لە زۆرینەی پارێزگاکان بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئەم ساتە هیچ بڕە گەنمێک لە جوتیارانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگیراوە، چونکە لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێم وەرزی دروێنەکردن بەردەوامە یان هەر دەستی پێ نەکردووە.
ڕوونیشیکردەوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بکرێت، بە کڕینەوەی گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان، وەک کۆتا ناوچە بەهۆی کەشوهەواکەیانەوە کە درەنگتر دەست بە دروێنەکردن دەکەن.
وتیشی، دەتوانین بڵێین پرۆسەی کڕینی گەنمی جوتیاران لەمساڵدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، لە دوای ٤٨ کاتژمێر لە ڕادەستکردنی گەنمەکانیان چەکی شایستە داراییەکانیان وەرگرتووە، ئەمە جگە لەوەی لە سایلۆکانیشدا ٢٤ کاتژمێر کارکردن بەردەوامە و هەوڵدەدەن زۆرینەى گەنمی جوتیاران وەربگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی ١ی نیسان وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤و هەوڵ دەدەن زۆرترین بڕی گەنم لە جوتیاران وەربگرن.
#کشتوکاڵ
#عێراق
#باشووری کوردستان