کوردستان

ئاگرکردنەوە لە گۆیژە و ئەزمەڕ قەدەغەکرا بەڵام پڕۆژەی نیشتەجێبوونەکە بەردەوامە لەکارکردن

01/06/2024

دەنگوباس
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بۆ دورخستنەوەی مەترسییەكانی كەوتنەوەی ئاگر، ئاگر كردنەوە لە چیای ئەزمڕو گۆیژە قەدەغە دەكەن و هەر كەسێك سەرپێچی بكات سزا دەدرێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە"بەمەبەستی رێگریکردن لە مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێکیان بۆ چیای گۆیژە و ئەزمڕ ئەنجامدا".

لەوبارەیەوە گۆران قادر، سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە، "بۆ دورخستنەوەی مەترسییەکانی کەوتنەوەی ئاگر لە چیای ئەزمڕ و گۆیژە بەفەرمانی قائیمقام، لیژنەكانیان بەهاوکاری لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ و بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی و دارستان و پاوان، هەڵمەتێکیان ئەنجامدا".

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەهەڵمەتەکەدا، سەرجەم کۆشک و کەپر و دەستگێڕەکان ئاگادارکرانەوە کە ئاگرکردنەوە قەدەغەیە، هەر کەسێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی سزا یاسایی دەکرێنەوە.
#سلێمانی