دەنگوباس
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، "مێژووی كورد بە زۆریی بریتی بووە لە خۆخۆریی و ناتەبایی و ناكۆكی".
عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئامادە بوو لەمەڕاسیمی ڕێزلێنانی شەهیدان و بریندارانی تاوانی مووشەکبارانی بارەگاکانی کۆمەڵ لە هەورامان لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ڕایگەیاند "مێژووی كورد بە زۆریی بریتی بووە لە خۆخۆریی و ناتەبایی و ناكۆكی، مووشەکباران کردنی بارەگاکانمان کارێکی ستەمکارانە بوو، لەو کاتەدا هیچ یەك لەو لایەنانەی هاوخەباتمان بوون لە شاخ، كەس نەهات سەرەخۆشییمان لێ بکات و دەردە دڵیەكمان لەگەڵ بكات، یاخود بە ئەمەریكییەكان بڵێ: زوڵمتان لەوانە كرد، بەڵكو ئەوانیش لەگەڵ ئەمەریكا چەپۆكیان بە ئێمە دادا و بنكەو بارەگاكانمان كە لە حزبی بەعسمان گرتبوون لە بەردەستیان دەرهێناین، خەڵكێكی زۆرمان لەلایەن هەردوو حزبی حوكمڕانەوە گیران، ئێستا دەبێ ئەوان خەجاڵەتی بكێشن و ئارەقی شەرمەزاریی بڕێژن كە بۆچی وایان لە هاوسەنگەرو هاوخەباتەكانی خۆیان كرد".
بەوتەی عەلی باپیر "ئەم میللەتەی ئێمە هەر لە سەردەمی میرنشینەكانەوە هەتا ئەو ڕۆژگارەی تێیدا دەژین باجی خۆخۆریی و ناتەبایی و ناڕێكی دەدەین، باجی ئەوە دەدەین ئامادەین بچین دەستی دوژمن ماچ بكەین بەڵام ئامادە نین تەوقە لەگەڵ برایەكەی خۆماندا بكەین. بۆچی تەوقەكە ناكەی بە سەربەرزیی، بەڵام دەچی دەستی دوژمن ماچ دەكەی كە ئەو لێت ڕازی نابێ هەتا كۆیلایەتیشی بۆ نەكەی، كاتێكیش كۆیلایەتی بۆ ئەو دەكەی خێرت پێوە نامێنێ. ئێمە وەكو كۆمەڵی دادگەریی هەرگیز شتی وامان نەكردوەو ناشیكەین".
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری هەر لە پەیامەکەیدا دەڵێت "هەركەسێك دڵسۆزی ئەم وڵاتە بێ و ئیمان و ئینصافی هەبێ و كۆمەڵ بناسێ بەو شێوەیە كە هەین، پێویستە دۆستی کۆمەڵ بێ، ئەوەی بۆ قیامەت لەگەڵمان نیە با بۆ بەرژەوەندیی دنیای لەگەڵمان بێ، چونکە ئێمە ئەگەر ئاومان لە دوادا بێ، كۆتایی بە گەندەڵیی و ستەم و خراپەو قۆرخكاریی دێنین".
#عەلی باپیر