کوردستان

بافڵ تاڵەبانی: دڵنیاتان دەکەمەوە دەنگی پارتی دادەبەزێت

01/06/2024

دەنگوباس
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لە هەڵکشانی دەنگی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان دەکات و دەڵێت "دەنگمان لەگەڵ پارتی لەم هەڵبژاردنە نزیك دەبێتەوە لە یەك".


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فەرمی حزبەکەی ڕایگەیاند، من پێشبینی دەکەم لەم هەڵبژاردنە دەنگمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان نزیک دەبێتەوە، دەنگی پارتی دادەبەزێت دڵنیاتان دەکەمەوە، بەڵام ئامانجی من، بێ ئەملاو ئەولا، ئەوەیە کە یەکێتی ببێتە حزبی ژمارە یەکی کوردستان، من ئامانجم ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنەی دێت یەکێتی ببێت بە حزبی پلە یەکەم و پێشموایە پێمان دەکرێت".

بافڵ تاڵەبانی وتیشی "سەدام لەکەیەوە نەماوە لە کوردستان؟ لە ساڵی 1991-ەوە ئێستا ساڵی چەندە؟ باشە راستە دوای ئەو هەموو ساڵە و دوای ئەو هەموو ملیاران دۆلارە کە لە هەولێرەوە هاتووە و رۆیشتووە، ئێستاش کوردستان کارەبای 24 سەعاتی نییە؟".

سەبارەت بە ڕای وڵاتان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی وتی "ئەمریكییەكان، لەگەڵ ئەوەدان کە هەڵبژاردن بکرێت و بەزووترین کاتیش بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدان کە هەموو لایەک بەشداربێت، زۆر راشکاوانەش پێت دەڵێم، زۆرکەس کە لە ئەمریکا و هەموو وڵاتەکانی تر کە سەردانم کردوون بەلایانەوە سەیر بووە کە حزبێک لەخۆیەوە ئەو رەئییەی هەبووە کە هەڵبژاردن دوابخرێت".

وتیشی "پەیامی یەکێتی ئەوەیە ئێمە حەزمان لە هەڵبژاردنە، پەلەشمانە بۆ هەڵبژاردن، ئەنجامێکی زۆر زۆر باشیش دەهێنین لە هەڵبژاردنەکە، هەر رەنگە ئەوەش یەکێک بێت لە هۆکارەکان کە هەندێک لایەن دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخەن".

"ئەمساڵ یەكێتی زۆر جیاوازە لەگەڵ حزبەكانی تردا، ئێمە پەیوەندییەکی جێی سەرنجمان هەیە لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرمان، وابزانم ئێمە تاکە حزبین کە توانیومانە لە ساڵێکدا سەردانی روسیا، ئێران، بەریتانیا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بکەین، لە کۆتایی ساڵیشدا دەچم بۆ چین، ئەم وڵاتانە هەندێکیان پەیوەندییان زۆر خراپە لەگەڵ یەکتری، بەڵام زۆر پێیانخۆشە کە یەکێتی ئەو سەردانانە دەکات، کە ئەو پەیوەندییانەی هەیە، زۆرجار توانیومانە هەندێک گرفتی بچووک هەیە لەنێوانیاندا ئێمە بیسڕینەوە" ئەوەش بەوتەی بافڵ تاڵەبانی.


#پەرلەمانی کوردستان
#پەرلەمانی کوردستان
#بافڵ تاڵەبانی