کوردستان

شێرکۆ جەودەت: لە کاتی جێبەجێکردنی بایۆمەتریدا حکومەت بۆی دەرکەوت ١١١ هەزار مووچەخۆری وەهمی هەیە

31/05/2024
sherko jawdat

دەنگوباس

ئەندامێکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەقەدەر ٣٠ ملیار دینار ناوی نوێی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زیاد کردووە هەر ئەمەش گرفتی سەرەکییە لەبەردەم نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنیەکاندا.

شێرکۆ جەودەت، پەرلەمانتاری پێشووی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، لەو لیستەی نێردراوە بۆ بەغدا کۆدی تازەی تیدایە ئەمەش واتە مووچەخۆری نوێ هەیە، هەرچەندە ژمارەکە دیار نییە، بەڵام بەقەدەر ٣٠ ملیار دینار ناو زیاد کراوە.

ڕاشیگەیاند، پێناچیت حکومەتی عێراق قبوڵی ئەمە بکات، ئەوەش هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هێزە ئەمنیەکانە، چونکە عێراق پێی وتوون لە ٩٤٠ ملیارەو ئەم مانگە بووە بە ٩٧٠ ئەمە بۆ ؟

ئەمڕۆ ٥٣ رۆژە هێزەئەمنییەکان مووچەیان وەرنەگرتووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییش چاوەروانن بەغدا پارەیان بۆ بنێرێت.

لەوبارەیەوە شێرکۆ جەودەت ئەوەی خستەڕوو، ئەدیب و نوسەر و شاعیر و هونەرمەندی بیانی ناویان لە لیستی مووچەی هەرێمدا هەیە، لە کاتی جێبەجێکردنی بایۆمەتریدا حکومەت بۆی دەرکەوت نزیکەی ١١١ هەزار مووچەخۆری وەهمی هەیە، لەو ژمارەیەش تەنها ١٠ هەزاری ڕەت کرایەوە ١٠١ هەزارەکەی تری لە رێکخراوەکان هێشتیاننەوە، ئەڵبەت ئەمە بە قسەی خۆیان.

وتیشی، لە خولی پێنجەمەی پەرلەمان بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران هەڵوێستمان وەرگرت تەنانەت دامان بە داواکاری گشتی بەڵام یاسای چاکسازیەکە بە زۆرینە تێپەڕیندرا.


#باشووری کوردستان