دەنگوباس
ئەمڕۆ یانەی نەورۆز لەچوارچێوەی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 4-2 لە یانەی قوە جەویەی بردەوە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی و پشتیوانیی خۆمان پێشکەش بە یانەی وەرزشیی نەورۆز دەکەین کە ئەمڕۆ لە گەڕی ٣٢ی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا سەرکەوتووانە لە یانەی قوەی جەوییەی بردەوە،
ئەم سەرکەوتنە بە سەروەرییەکی تری پارێزگاکەمان دەزانین، بە ئومێدی گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی.
لایخۆشیەوە لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی یانەکە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی راهێنەر و دەستەی کارگێڕیی و سەرجەم یاریزانەکانی یانەی نەورۆز دەکەم بۆ ئەو سەرکەوتنە وەرزشییەی ئەمڕۆ لەبەرامبەر یانەی قوە جەویە لە گەڕی 32ـى خولی ئەستێرەکانی عێراق تۆماریان کرد.
وتیشی، دەستخۆشی و پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەو هاندەرە خۆشەویستانە دەکەم کە ئەمڕۆ بە جۆش و خرۆشەوە پەرۆشیی خۆیان نیشاندا بۆ هاندان و سەرکەوتنی یانەکەیان.
لاهور شێخ جەنگی دڵێت: ئەم سەرکەوتنە پێشکەش بێت بە شاری سلێمانی ئازیز، هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ یانەی نەورۆز دەخوازم کە بتوانن لە داهاتوودا سەرکەوتنی گەورەتر بۆ خۆیان و یانەکە و هاندەرەکانیان و شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستان تۆمار بکەن.
تا ئێستا یانەی شورتە لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکە دایە و یانەکانی زاخۆ و دهۆک و نەورۆزیش پلەکانی پێنج و شەش و حەوتیان گرتووە.
#باشووری کوردستان