دەنگوباس
شرۆڤەکارێکی سیاسی لەبارەی یەکلابوونەوەی پۆستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ھیچ بەرەوپێشچوونێک لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەراندا نەبووە، چونکە لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون.
خالید دەبونی، شرۆڤەکاری سیاسی، لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە هیچ بەرەوپێشچوونێک لە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەراندا نەبووە، چونکە لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون.
ھاوکات ئەسیر شەرع، شرۆڤەکاری سیاسی، ئاماژەی بەوەکرد، کە بەمزووانە لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەگەنە ڕێککەوتن.
پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ناکۆکی خستووەتە نێو ماڵی سوننەکان و تا ئێستا ھیچ ئاسۆییەکی ڕوون نابیندرێت لەوەی لایەنە سوننەکان لەبارەیەوە بگەنە ڕێککەوتن.
ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان لەبارە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای ئەوە سەریھەڵدا کە ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق، ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵوەشاندەوە و نزیکەی هەشت مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێ سەرۆکە.
لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فێدڕاڵی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەندامییەتی محەمەد حەلبووسی لە ئەنجومەنی نوێنەران، ھەریەک لە ھاوپەیمانی تەقەدووم، ھاوپەیمانی سەروەریی کە بە دوو لایەنی سەرەکی سوننە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دادەندرێن، سەرەڕای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و گفتوگۆ، بەڵام لەسەر کاندیدکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نەگەیشتنە ڕێککەوتن.
تا ئێستا زنجیرەیەک دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئەنجامدراون، بەڵام بەھۆی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان نەتوانراوە کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت.
ئێستا ڕکابەرییەکە بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە نێوان بەربژێری پارتی تەقەدووم، مەحموود مەشھەدانی و بەربژێری ھاوپەیمانیی سەروەریی، سالم عیساوی دایە.
ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستی بە دەنگی ١٦٦ ئەندامی ئەنجومەنەکە ھەیە، بەڵام ھیچکام لە بەربژێرەکان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەستبھێنن، بۆ ئەوەی ببن بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
" لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون"
خالید دەبونی، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ھیچ بەرەوپێشچوونێک لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان نەبووە، چونکە لایەنە سیاسییە سوننەکان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ڕێکنەکەون و پێدەچێت قەیرانەکە لەناو ماڵی سوننە چارەسەر نەکرێت، بەڵکو لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە چارەسەر بکرێت.
خالید دەبونی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی جێگای داخە ناکۆکییەکانی لایەنە سوننەکان ئەوەندەی لەسەر بەدەستھێنانی پۆستەکانە، لە بەرژەوەندی گشتی و پێکھاتەی سوننەدا نییە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بەوەشکرد، کە لایەنە سوننەکان، ھیچ پڕۆژەیەکی سیاسییان بۆ خزمەتکردنی پێکھاتەی سوننە نییە، بەڵکو پڕۆژەکانیان تەنھا بۆ بەدەستھێنانی پۆست و دەسەڵاتە و وتی، ساڵانێکی زۆرە ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان درێژەی ھەیە و بەردەوام جیابوونەوە لەنێو ئەو لایەنانە ڕوودەدات و ئەو ھاوپەیمانیانەش کە لەنێوانیان پێکدەهێندرێن، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسین، ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەرژەوەندی و داواکارییەکانی پێکھاتەی سوننە، ئەوە لە دەرەوەی گرنگی ئەو لایەنانەیە.
خالید دەبونی وای بۆ دەچێت کە ناکۆکییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێو ماڵی سوننەدا چارەسەر ناکرێت و وتی، پێم وا نییە ناکۆکییەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەنێو ماڵی سوننەدا چارەسەر بکرێت، بەڵکو لەلایەن لایەنەکانی دیکەوە لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا چارەسەر دەکرێت، کێشەکە ئەوەیە کە ژمارەیەک لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەمانگی شیعە ھاوبەشن لە پەکخستنی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەوەی لە دانیشتنەکەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوویدا، بەڵگە لەسەر ئەوەی کە بەشێک لە لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ ئەوەدان دۆخی ئێستا تا کۆتایی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەران تا دەگاتە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، وەک خۆی بمێنێتەوە، بەمەش خواستی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بۆ سەپاندنی ھەژموونی خۆی بەسەر جومگەکانی هەر سێ دەسەڵاتە سەرۆکایەتییەکە، بەدی دێت.
خالید دەبونی لەبارەی سیناریۆکانی بەردەم یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوونیکردەوە، کە پێویستە فراکسیۆنە سوننەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن، بۆ ئەوەی دانیشتنێکی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن ئەنجام بدات و ئەگەر ئەو داواکارییە جێبەجێ نەکرا، ئەوە پێویستە ٥٠ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کۆکردنەوەی ئیمزا، داواکارییەکە پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بکەن و ئەگەر جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە نەبوو، ئەوا دەتواندرێت سەرۆکێکی کاتی ھەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی وادەی ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن دیاریی بکات، ئەوەش بەپێی یاسا و دەستوور ڕێگای پێدراوە.
"دوای جەژنی قوربان دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت"
ئەسیر شەرع. شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سوننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، وتی، لایەن و ھاوپەیمانییە سوننەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە قۆناغەکە بۆ ئەوان مەترسیدارە و خەریکە بەڕەکە لەژێر پێیان دەرھێندرێت، دوای ئەوەی لە دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران شکستیان ھێنا.
ئەسیر شەرع ئاماژەی بەوەشکرد، دەنگۆی ئەوە ھەیە کە لایەنە سوننەکان بەمزووانە لەسەر دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ جێگرەوەی محەمەد حەلبووسی کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوور خراوەتەوە ڕێکدەکەون، چونکە لایەنە شیعەکان ھەڕەشەی ئەوە دەکەن کە ئیتر ناتوانن لەسەر بەردەوامی ناکۆکییەکانی لایەنە سوننەکان لەبارەی پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، دان بەخۆیاندا بگرن و پشوو درێژبن، بۆیە لەوانەیە دوای جەژنی قوربان ئەگەر لایەنە سوننەکان لەبارەی نیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران نەگەنە ڕێککەوتن، ئەوا کەسایەتییەکی شیعە بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کاندید دەکرێت و ھەموو ئەگەرێکیش لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە ئارادایە لە کاتێکدا بەپێی ئەو نەریتییە سیاسییەی کە ساڵانێکە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مافی سوننەیە.
لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسیی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
وتیشی، نابێت ئەوەشم لەبیر بچێت کە لایەنە دەرەکییەکانیش کاریگەرییان لەسەر لایەنەکان لە عێراق ھەیە، بە تایبەتیش لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسایەتییەکان بۆ پۆستەکانی ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.
ئەسیر شەرع ڕاشیگەیاند، دەنگۆی ئەوە ھەیە کە بەمزووانە لایەنە سوننەکان لەبارەی دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەگەنە ڕێککەوتن و دوای جەژنی قوربان دەنگ لەسەر ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێت.
#عێراق