کوردستان

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق کۆبووەوە

30/05/2024
bafel talabani

دەنگوباس

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی پێشوازیی لە رادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق کرد.

لەدیدارەكەدا دۆخی هەرێمی كوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لەبوارە جیاوازەكاندا لەپێناو بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە هەنگاوەكانی پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان و رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی كرد و ڕایگەیاند، بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە وەبەرهێنەران دەكەین و كارئاسانییان بۆ دەكەین تاوەكو سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان بخەنەگەڕ و هاوكاربن لە گەشەپێدانی ناوچەكە، بۆ ئەمەش هیوادارین ڕۆمانیا هەنگاوی زیاتر لەبوارە جیاوازەكاندا بنێت و بەشداریی چالاكانەتریان هەبێت.

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێكران، هەردوولا جەختیان لە یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كردەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە و هەنگاونان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی نەك قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان.


#بافڵ تاڵەبانی
#باشووری کوردستان