جیهان

حکوومەتی سلۆڤینیا بڕیاریدا دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێت

30/05/2024
slovenia

دەنگوباس

لە دانیشتنێکدا کە ئەمڕۆ سازیکرد، حکومەتی سلۆڤینیا هەڵسەنگاندنی بۆ پرسی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا کرد.
ڕۆبێرت گۆلۆب، سەرۆک وەزیرانی سلۆڤینیا لە دوای دانيشتنەکە بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاریانداوە لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ فەڵەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری بناسن.

وتیشی، ئەم بڕیارە یەک ئامانجی هەیە؛ دەخوازین دەستبەجێ کۆتاییبهێندرێت بە دوژمنایەتییەکان و دەستبەجێ بارمتەکان ئازاد بکرێن. ئەم بڕیارە، بڕیارێک نییە دژ بە ئیسرائیل و کەس بێت.

گۆلۆب باسی لەوەشکرد، کە پێیانوایە ئەمڕۆ ساتێکی دروستە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتیی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کارکردن بۆ چارەسەری دوو دەوڵەتیی، هیوایشی خواست بڕیارەکەی ئەمڕۆی حکومەت دەرەنجامی ئەرێنیی هەبێت و ببێتە نموونە بۆ هەمووان.

سەرۆک وەزیرانی سلۆڤینیا ئەوەشی خستەڕوو، کە ئەو بڕیارە دەنێرن بۆ پەرلەمان و داوای لە پەرلەمانتاران کرد پشتیوانی بکەن.

چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی سلۆڤینیا کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆ کردن لە بارەی ماددەی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا.

هاوکات ئیسپانیا و نەرویج و ئیرلەندا لە ٢٨ی ئایاردا بە فەڕمی دانیان نا بە دەوڵەتی فەڵەستیندا.


#فەڵەستین
#جیهان