کوردستان

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی 21 کەس لەکەسوکاری کاوە بازیانی دەستگیردەکەن

30/05/2024

دەنگوباس
هێزێکی ئەمنی لە شارۆچکەی گۆپاڵە لە سنووری سلێمانی 21 کەس لە کەسوکاری کاوە بازیانی دەستگیردەکەن، کەسوکارەکەی دەڵێن، هۆکارەکەی نازانن و "پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان بۆ نەهاتووە". پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: "لای ئێمە دەستگیرنەکراون".

 
کەسێک لە بنەماڵەی کاوە بازیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە رووداوی وت "شەوی 27ـی مانگ هێزێکی زۆری ئەمنی لە کاتژمێر 11:30 خولەکی شەو بە چەندین ئۆتۆمبێلەوە هاتنە شارۆچکەی گۆپاڵەی سەر بە بازیان و 21 کەسیان لە هۆزی کافرۆشی دەستگیرکرد، کە پێنجیان کوڕی کاوە ئەحمەد تۆفیق محەممەد کافرۆشی (کاوە بازیانی)ـن و ئەوانی دیکە برازا و خوشکەزا و کەسی دیکەی نزیکین".
 
ئەو هاووڵاتییە وتی "پێشتر هیچ ئاگادارکردنەوەیەکمان بۆ نەهاتووە تاوەکو بوترێت ئەو کەسانە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە یان لە لایەن دادگاوە بانگکرابن، بۆیە لەکاتی دەستگیرکردنیان رووبەڕووبوونەوە روویدا، بەڵام هیچ کەس لە هیچ لایەک بریندار نەبوو".
 
ئەو هاووڵاتییە وتیشی "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، دەستگیرکراوەکان بۆ ئاسایشی چەمچەماڵ گوازراونەتەوە و ئەمڕۆ پێنجشەممە، سێ کەسیان براونەتە دادگا کە خوشکەزا و برازای کاوە بازیانین". 
 
لە بارەی چەکداربوونیشیان، ئەو هاووڵاتییە وتی "هۆزی کافرۆشی هۆزێکی کاریگەرە و بنەماڵەی کاوە بازیانیش کێشەی دوژمنداری هەیە، ئەوە هۆکاری چەکداربوونمانە".
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لەبارەی رووداوەکەوە ئەمڕۆ رایگەیاند "هیچ کەس لای پۆلیس دەستگیر نەکراوە، بەڵام ئەو بنەماڵەیە کێشەیان هەیە و دۆسییەکەیان لای پۆلیسە و لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە".
#سلێمانی