رۆژهەڵاتی ناوەراست

دوای پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ سودانی، مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا

30/05/2024

دەنگوباس
پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هێشتا کاریگەریی نەبووە بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە.

ڕۆژی سێشەممە مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سودانی، باسیان لە ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێن وردبینیکردن لە خشتەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە، بەڵام بەغدا تا ئێستا هەرێمی کوردستانی بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو هێزانە پارەدار نەکردووە.

زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەی پێشمەرگە و بەشێك لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، بەغدا ناردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکانی ڕەتکردووەتەوە و داوای ناوی چواریی فەرمانبەرەکان دەکات، بەڵام مەسرور بارزانی لە پەیوەندییە لەتەفۆنیەکەیدا داوایکردووە، ئەو کێشەیە بەربەست نەبێت بۆ ناردنی مووچەی مانگی چواری ئەو هێزانە.

هاوکات ئەمڕۆ پێنج شەممە مەسرور بارزانی بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکە، باس لە کێشەی مووچەی فەرمانبەران دەکات.






Like



Comment


Share






#حکومەتی هەرێمی کوردستان
#مەسرور بارزانی