کوردستان

شوان محەمەد: پێش جەژن مووچەی مانگی ئایار دابەشدەكرێت

29/05/2024
shwan mhamad

دەنگوباس

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم دابەشبكرێت.

شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، مووچەی هێزە ئەمنییەكان هیچ گرفتێكی نەماوە و سبەی یاخود رۆژی یەكشەممەی داهاتوو بە دڵنیاییەوە مووچەكەیان دەنێردرێت و چاوەڕواندەكرێت مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم بەر لە جەژن دابەشبدەكرێت.

لەبارەی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیشەوە ڕایگەیاند، مووچەی مانگی ئایار بەبێ پلەبەرزكردنەوە دابەشدەكرێت، چونکە ڕێکارەکانی تەواو نەبووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی ١٠ ڕۆژ دەبێت مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشکراوە، بەڵام تا ئێستا پارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەرێم نەنێردراوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەغدا پارەکە بنێرێت.

هاوکات لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لەبارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە، تەیف سامی بە لیژنەکەی ڕاگەیاند، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ مووچەی هێزە ئەمنییەکان نییە و ئێستا لیستیی مووچەکانیان لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە وردبینی تێدادەکرێت و دواتر پارەکەیان بۆ دەنێردرێت.


#مووچە
#باشووری کوردستان