دەنگوباس
سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانی شیعە لە عێراق، موقتەدا سەدر، دیموکراسی و بەڵێنەکانی ئەمریکا، بە چەواشەکاریی لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند، ئەوانەی بانگەشەی مرۆڤایەتی دەکەن پاڵپشتی تیرۆری زایۆنی لە غەززە دەکەن.
موقتەدا سەدر لە وتارێکیدا ڕایگەیاند، ئەوەی زایۆنییەکان لە بۆردوومانکردنی کەمپەکان لە کەرتی غەززە بەشێوەیەکی ترسناک ئەنجامیانداوە کە مرۆڤایەتی بێزار کردووە، یان ئەوەی نوێنەری زایۆنی لە شکاندنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەردەم چاوی وڵاتان و ئەوەی بە ئاشکرا دژبە بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی ئەنجامیداوە، ئەگەر دژبە وڵاتێک دیکە ئەنجام بدرێت، ئەوا جیھان هەڵدەستا و بێدەنگ نەدەبوو.
ڕاشیگەیاند، دیموکراسی، ئازادی و بەڵێنەکانی ئەمریکا و کلکەکانی، چەواشەکاریین و بە دوو ڕوویی جێبەجێ دەکرێن، بەو پێیەی لە ھەندێک قەدەغە دەکات، بەڵام بۆ دەوڵەتی زایۆنی ڕێگای پێدەدات ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی بدات، ئەمە ھیچ لۆژیک، دادپەروەریی، دیموکراسی و ئازادیی نییە، بەڵکو ئەمە تەنھا خۆبەزلزانین، نادادپەروەریی و خوێنڕشتنە.
جەختشی لەوە کردووە کە ئەوانەی بانگەشەی مرۆڤایەتی دەکەن، پاڵپشتی تیرۆری زایۆنی لە غەززە دەکەن.
دوێنێ موقتەدا سەدر ڕایگەیاندبوو، قەوارەی داگیرکار (ئیسرائیل)، خەڵکی ڕەسەنی لەسەر نیشتمانی خۆیان دەرکردووە و بە پەرۆشە بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، ھەموو ئەمانەش بە پاڵپشتی خەڵەفاوە ئەمریکییەکە، نەگریس و ستەمکار ئەنجامی دەدات.
داوایشی کردبوو کە بەبێ خوێنڕشتن، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەربکرێت و باڵیۆزخانەی ئەمریکاش بە ڕێگای دیپلۆماسی لە عێراق دابخرێت.
#ئیسرائیل
#عێراق