کوردستان

دوو ساڵە بەهۆی ناکۆکی بارزانییەکانەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەزیری نییە

29/05/2024
nechir w masrour

دەنگوباس

ئەمڕۆ دوو ساڵی ڕێک بەسەر دەستبەکاربوونی کەمال ساڵح، وەزیری کارەبا وەک وەزیری سامانە سروشتیەکان بەوەکالەت، تێپەڕ دەبێت.

کەمال ساڵح، وەزیری کارەبا ڕۆژی 29ی 5ی 2022 لە پاڵ وەزارەتەکەی خۆیدا، بە وەکالەت لە پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەکان دەستبەکار بوو، ئەویش دوای ئەوەی کەمال ئەتروشی، وەزیری سامانە سروشتیەکان دەستی لەکار کێشایەوە.

هەرچەندە ئەو کات حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند کەمال ئەتروشی کە سەر بە باڵی نێچیرڤان بارزانی بوو، بە هۆی نەخۆشییەوە دەستی لە کار کێشاوەتەوە، بەڵام زانیارییە ڕانەگەیەندراوەکان ئاماژەیان بە ناکۆکی وەزیر لەگەڵ متمانەپێکراوێکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەکرد، کە وەک وەزیری سێبەر لە نێو وەزارەتەکەیدا داینابوو.

بەر لەوەی دەستیش لەکاربکێشێتەوە، ماوەیەک کەمال ئەتروشی زویر ببوو و ئامادە نەبوو بچێتەوە وەزارەتەکەی تا دواتر وازی هێنا.

وا زیاتر لە دوو ساڵە بە هۆی ڕێکنەکەوتنی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی نەتوانراوە کەسێک بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەکان دیاری بکرێت و وەزارەتەکە بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێت.


#نێچیرڤان بارزانی
#مەسرور بارزانی
#باشووری کوردستان