دەنگوباس
وەزارەتى سامانەسروشتییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى دەستپێکردنەوە بە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، ڕایگەیاند، ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە نووسراوى وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کۆبوونەوەی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، ئێمە وەکو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکرێت و نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جیهانەوە بۆ دەرەوە هەناردە بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بۆ ئەم مەبەستە چەندین جار سەردانی بەغدامان کردووە و لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەگەڵ سەرۆكى لیژنەی دارایی پەرلەمان و هەروەها لەگەڵ لیژنەی حکومەتی عێراق لە هەرسێ وەزارەتی نەوت و پلاندانان و دارایی کۆبووینەوە و کۆنووسەکەشی واژوو کرا.
ئەوەش روونکراوەتەوە، دوایین جاریش لە ڕۆژانی 19 و 20ـى مانگى ئايار لیژنەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی سامانەسروشتییەکان کۆبووەوە، ئێستا چاوەڕێین ئەنجامی کۆبوونەوەی لیژنەکە دەربچێت، هەروەها ئامادەین هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین بەمەبەستى چارەسەرى ئەم بابەته.
#نەوت
#باشووری کوردستان
#عێراق