کوردستان

عومەر گوڵپی: ساڵانه‌ نزیكه‌ی ٥ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر خانه‌نشین ده‌بن، كه‌چی له‌ ٤ ساڵدا خه‌رجی مووچه‌ ٧٠ ملیار دینار زیادی كردووه

29/05/2024
OMER GULPI

دەنگوباس

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی دارایی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان لەبارەی پارەی تەرخانکراوەوە بۆ مووچە دەڵێت، "ساڵانه‌ نزیكه‌ی ٥ هه‌زار فه‌رمانبه‌ر خانه‌نشین ده‌بن، كه‌چی له‌ ٤ ساڵدا خه‌رجی مووچه‌ ٧٠ ملیار دینار زیادی كردووه".

عومەر گوڵپی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دارایی لە ١٧ی ٨ی ٢٠٢٠، پارەی پێویست بۆ مووچەی هەرێمی كوردستان مانگانە تەنها (٨٩٥ ملیار) دینار بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە هیچ كەس بە فەرمی دانەمەزراوە، پلەبەرزكردنەوە دەستی پێنەكردووەتەوە، ساڵانە نزیكەی (٥٠٠٠) فەرمانبەر خانەنشین دەبن، كە بەلای كەمەوە مووچەكەیان بۆ نزیك لە نیوەی مووچەی كاتی فەرمانبەریی كەم دەكات، گرێبەستەكان نەكراونەتە هەمیشەیی.

وتیشی، کەچی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی چوار (٩٦٤ ملیار) دینار بووە، بەپێی زانیارییەك بۆ مانگی پێنج حكومەتی هەرێم لیستەكەی گەیاندووەتە (٩٧٠ ملیار) دینار كە بۆ بەغدای ناردووە، واتە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا پارەی پێویست بۆ مووچە (٧٠) ملیار دینار بەرز بووەتەوە.

عومەری گوڵپی دەشڵێت، “ئەرێ كەسێك هەیە لە حكومەت و لایەنەكانی دەسەڵات بە خەڵكی كوردستان بڵێت: ئەم زیادبوونە دراماتیكیە بۆ؟ كێ كردی؟ چۆن كرا؟ لەپێناو بەرژەوەندی كێدا؟”


#مووچە
#باشووری کوردستان