دەنگوباس
حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی
ئەنجومەنی وەزیرانی بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی،
سەرۆک وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، کە میوانداریی فەهمی
بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
کرابوو، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کار و چالاکییەکانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە
کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستە ڕوو، لە هەمانکاتدا، ڕەشنووسی
نەخشەڕێگەیەکی پێشنیاز کرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتیی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی
هەرێم و حکومەتی عێراق لە ناویشیاندا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکان، لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق و
کارکردن لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی
کوردستان، هەروا ئاماژەی بە ڕێکاری هەنووکەیی و خێرا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی
ئیداریی و ئەمنی و سەربازیی ئێستەی ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوە و ڕێگریی
لە ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن کرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی
بە یەک دید و هاوهەڵوێستیی نیشتیمانیی هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان هەیە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی
ئەنجومەنی وەزیرانەوە، دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هەموو کارمەندانی دەستە کرد بۆ
ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەکان لە
بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک
دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و داوا دەکات لە سەر بنەمای دەستوور
کێشە و پێشێلکاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارە بکرێت.
بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی
هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی
نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕێکەوتی 2024/5/19 پەسەند کرا، ئەمەش دوای
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی عێراق تایبەت
بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، ڕاپۆرتەکە لەلایەن
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار خرایە ڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم کە دواجار
پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم
ئەنجامدا بە ئاڕاستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانکاتدا داوا لە
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە بە یەک دەنگ
داکۆکیی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و
2025.
ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە
هاوئاهەنگیی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ
پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە
هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی
2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار
دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراق وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی
لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە
بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی فیدراڵیی و
داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ
کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی
ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کران کە بەداخەوە زیاتر
لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم
وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی
مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیی
هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی حکومەتی عێراق بکرێت و لە
بەرامبەریشدا، حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی
هەرێم بەجێ بگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.
لە بڕگەی سێیەمدا، کوێستان محەممەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی
ڕاپۆرتێکی وەزارەتەکەی خستە ڕوو کە تایبەت بوو بە برەودان بە سندووقی پشتیوانی
پرۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندووقە پاڵپشتی
دارایی بۆ پرۆژەی بچووک و مام ناوەند دابین دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە)
کە پرۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان
بۆ کارخوازان.
ئەنجومەنی وەزیران وەک کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند
بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی
%20 لە کۆی گشتیی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی
ئەو سوودمەندانەی کە پرۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆی بەدەر لە ویست و
ئیرادەی خۆیان، بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
لە کۆتاییدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ونیشتەجێکردن،
ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێگەوبانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و
کاریگەریی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و
سلێمانی خستە ڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە
هەماهەنگی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتاریەتی ئەنجوومەن و
وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ پێداچونەوە بەم
دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و میکانیزم وڕێکاری
پەلەکردن لە تەواوکردنی پرۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان
بە تایبەتی نێوان هەولێر و سلێمانی.
#مەسرور بارزانی
#مەسرور بارزانی
#باشووری کوردستان