رۆژهەڵاتی ناوەراست

بەندەری گەورەی فاو خاڵی دەستپێکی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە لە عێراق

29/05/2024
bandari faw

دەنگوباس

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق، فەرحان فەرتوس جەختی لە گرنگی پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسڕە کردەوە و ڕایگەیاند، کە بەندەری گەورەی فاو، خاڵی دەستپێکی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"ە، و لەلایەن سەرجەم لایەنەکانەوە لە عێراق پاڵپشتی لێ دەکرێت.

فەرحان فەرتوس ئاماژەی بەوەکرد، کە بەندەری گەوری فاو، پڕۆژەیەکی حکوومەت گەل و پەرلەمانی عێراقە، لەبەر ئەوە سەرجەم لایەنەکان پاڵپشتی لێ دەکەن و ھەوڵیش دەدەن ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆژەکە نەهێڵن.

بەندەری گەورەی فاو لە بەسڕە باشووری عێراق، بە خاڵی دەستپێکی پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" دادەندرێت کە عێراق لە ڕێگای تورکیاوە بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بەندەرەکانی عێراق ڕاشیگەیاند کە بەندەری گەورەی فاو، خاڵی دەستپێکی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە کە لە ڕێگای پارێزگاکانی دیوانییە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا و نەینەوا بۆ سنووری تورکیا درێژ دەبێتەوە.

فەرحان فەرتوس سەبارەت بە پڕۆژەکانی ڕێگای گەشەپێدان و بەندەری گەورەی فاو وتیم ئەم پڕۆژانە تەواوکەری یەکترن و لەیەکتر جیا ناکرێنەوە، سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی کە لە کەنداوەوە ھەناردەی ئەورووپا دەکرێن لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانەوە، بە عێراق و تورکیادا تێپەڕدەبن، پڕۆژەکە بە وردی دیزاین کراوە، بەجۆرێک کاری بازرگانی لە ڕۆژھەڵاتەوە بە ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق، فەرحان فەرتوس وتیشی، بنەمای پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، ھاوپەیمانییەکی چوارقۆڵی بازرگانییە لەنێوان عێراق، تورکیا، ئیماڕات و قەتەڕ.

باسی لەوەشکرد، لە پڕۆژەکەدا کە کەنداو بە دەریای ناوەڕاست، ئەورووپا و قەوقاز دەبەستێتەوە، سەرجەم وڵاتان لە ناوچەکە لێی سوودمەند دەبن.

فەرحان فەرتوس ئاماژەی بەوەشکرد، کە بە تەواوکردنی پڕۆژەی بەنداوی گەورەی فاو، داھاتێکی زۆری بۆ عێراق دەبێت و وتی، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئاسیا و ئەورووپا گرنگی بە پڕۆژەکە دەکەن، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر سەرکەوتنی پڕۆژەکە.

بەندەرەکە کە لەلایەن کۆمپانیای "Daewoo" کۆریای باشوورەوە بەپێی گرێبەستێک لەگەڵ حکوومەتی عێراق بە گوژمەی پێنج ملیار دۆلار دروست دەکرێت، دەکەوێتە سەر ڕووباری شەتولعەرەب لە پارێزگای بەسڕە و، چاوەڕان دەکرێت ببێت بە گەورەترین بەندەر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

بەندەرەکە لەسەر ڕووبەری ٥٤ کیلۆمەتر چوارگۆشە دروست دەکرێت و توانای لەنگەرگرتنی ٩٠ کەشتی ھەیە کە درێژییەکەی ١٤ ھەزار و ٥٢٣ کیلۆمەترە و وەک درێژترین شەپۆلشکێن لە کتێبی گینسدا بۆ شکاندنی پێوانەکان، تۆمارکراوە.

ژمارەیەک لە کۆمپانیا تورکییەکان لە دروستکردنی بەندەری گەورەی فاو بەشدارن، هەروەها پڕۆژەکە دەبێتە پڕۆژەیەکی یەکلاکەرەوە لە جوگرافیای سیاسی بۆ وزە و بازرگانی لە ناوچەکەدا.


#ئابووری
#عێراق