دەنگوباس
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی قەرەداغ تەرمی ئەو هاووڵاتییەیان دۆزییەوە، کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە چارەنووسی نادیار بوو.
ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک بە ناوی (نەجمەدین محەمەد ساڵح) تەمەن ٧٥ ساڵ لەڕۆژی ١ی ٥ی ٢٠٢٤ وە لەماڵ چوبووە دەرەوەو چارەنووسی نادیار بوو، هێزەکانی پۆلیس بەردەوامبوون لەگەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی هاووڵاتییەکە، سەرەنجام ئەمڕۆ ٢٩ی ٥ی ٢٠٢٤ تەرمی هاووڵاتییەکە لە قۆپییەکانی قەرەداغ لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دۆزرایەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا تیمەکان سەرقاڵی گواستنەوەی تەرمەکەن بۆ پزیشکی دادوەریی، بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکە.
#باشووری کوردستان