کوردستان

پێشەوا هەورامانی: لیستی مووچەی مانگی ئایار ئامادە کراوە

29/05/2024
peshawa hawramani

دەنگوباس

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبووەنەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕایگەیاند، کێشەى مووچەى هێزەئەمنییەکان چارەسەرکراوە و بڕیارە لە ماوەى دوو ڕۆژدا مووچەى ئەو هێزانە بنێردرێت.

پێشەوا هەورامانى، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاردراوە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بەشداریى لەکۆبوونەوەى نێوان کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى نەوتى عێراق بکات.

وتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا باسى مووچەى مانگى ئایارى مووچەخۆران کراوە و وەزارەتى دارایی لیستى مووچەى ئامادەکردووە، لەبارەى مووچەى هێزە ئەمنییەکانیش سەرجەم زانیارى و وردەکارییەکان بۆ حکومەتى فیدڕاڵ نێردراوە، چاوەڕواندەکرێت لە ماوەى دوو ڕۆژدا بەغدا مووچەى ئەو هێزانە بۆ مانگى نیسان بنێرێت.

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو بەرەبەیانى دوێنێ وەزارەتى دارایی سەرقاڵى ئامادەکردنى لیستى مووچەى مووچەخۆران بووە.


#مووچە
#باشووری کوردستان