راپۆرت و چاوپێکەوتن

شاخی گۆیژە چۆن هەڵتەکێنرا؟ میدیاکان چۆن بێدەنگ کراون؟

28/05/2024
goizha

دەنگوباس

شاخی گۆیژە، کە لەمێژووی دروستبوونی شاری سلێمانی تا ئەمڕۆ، یەكێکە لە دیارترین ڕەمزەکانی شارەکە، لە ئەدەب و هونەردا پێگەی خۆی هەیە، کاتێكیش ڕاپەڕینی باشووری کوردستان ڕوویدا، بەشێکی پێشمەرگە لەو شاخەوە دابەزی و شارەکەیان لە دەستی بەعس ڕزگارکرد، بەڵام پێدەچێت حزب و حکومەت لە شارەکە، چیتر باکیان بەو مێژووەی گۆیژە نەبێت و باڵەخانەی هەوربڕ شوێنی گرنگیی شاخەکە بگرێتەوە.

هەرچەندە ساڵانێکە بەپلانێکی تۆکمە کار بۆ هەڵکۆڵین و گۆڕینی شاخی گۆیژە بۆ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون دەکرێت، بەڵام بابەتەکە لە فراوانکردنی بەشێکی دیکەی بەرزاییەکانی سلێمانی تەقییەوە، بەڵام جگە لەو پڕۆژەیە، لە بەشێکی دیکەی شاخی گۆیژەش، بە دیاریکراوی بە بەری گەڕەکی قڕگە هەوڵی فراوانکردنی پڕۆژەی بەرزاییەکانی قەیوان دەدات، کە ئەویش بەهەمانشێوە شاخەکە لەپێناو ئەو پڕۆژەیە هەڵدەکۆڵدرێت.

جگە لەوە لە بەشێکی دیکەی گۆیژە و لە دامێنی شاخەکە پڕۆژەیەکی دیکە بەناوی شاری ئارام دروستکراوە.. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئەم پڕۆژانە چی لە سروشت و ژینگەی سلێمانی دەکەن؟

خالید سلێمان، شارەزای ژینگە و گۆڕانەکانی کەشوهەوا لەوبارەیەوە لە نوسینێکدا دەڵێت، یەکێک کە خەسڵەتە هەرە جوانەکانی شاری سلێمانی، هەڵکەوتە جوگرافی و سروشتییەکەیەتی. بەبێ ئەزمەڕ، گۆیژە، پیرەمەگروون و قەرەداغ، هیچ تایبەتمەندییەکی نامێنێت، بەتایبەتی گۆیژەو ئەزمەڕ کە لە ڕووی سروشتی و ژینگەییەوە، پارێزەری شارەکەن.

لەوانەیە کەسانێک هەبن و بڵێن ئەم دوو چیا ڕووتەڵە کە ژمارەیەک داریان پێوەیە، بەکەڵکی چی دێن و بۆ نەکرێنە ڤیلاو باڵەخانە؟ لەو ڕوەوە خالید سلێمان دەڵێت، "خاکی ئەم بنارە سەختەی چیا، عەمبارێکی سروشتیی گەورەیە بۆ هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربون، هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی هەمە-جۆریی ڕووەک و وردیلەکانی خاکە. کاتێکیش ئەم ناوچە سروشتییە دەگۆڕن بۆ باڵەخانەو کۆنرێت، لە بری هەڵمژینی کاربۆن و گەرمیی، دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ بەخشینی گەرما. ئەمە جگە لەوەی ئەم پرۆژانە بەشێوەیەکی زەبەلاح پێویستیان بە وزەو ئاو هەیە، ئەویش لەسەر حیسابی دانیشتوان و لێرەوە ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و ژینگەیی زیاتر دەبێت لەوەی هەیە".

چیاکان تەنانەت ئەگەر بەردەوام سەوزیش نەبن، سەرچاوەی گلدانەوەی شێی هەورەکانن. کاتێک هەوری شێدار یان بارگاویی ڕووبەڕووی چیاکان دەبێتەوە، پێش بەرزبوونەوەو تێپەڕبوون، بارەکەی دادەگرێت. بەم شێوەیە چیاکان دەبنە هۆی دابارین. کاتێک پارچەی زەبەلاحی چیمەنتۆو ئاسن، جێگەی خاکەکە دەگرنەوە، لەبری هەوایەکی سروشتیی، خانوبەرەو باڵەخانەو پارەچە زەبەلاحەکانی کۆنرێت، تەوژمێکی گەرم دەر ئەدەن و خەسڵەتی ڕەوتەکانی هەوا دەگۆڕن.

جگە لە کۆمپانیای جێبەجێکار و وتەبێژی شارەوانی سلێمانی، تا ئێستا لەسەر ئاستی باڵا نە وەزارەتی شارەوانی، نە دەستەی وەبەرهێنان بەرامبەر ئەو زنجیرە گۆڕانکارییەی لە چیای گۆیژە ڕوودەدات هەڵوێستیان نیشان نەداوە، خۆ ئەگەر کارەکە "بەیاسایی" ئەنجامدراوە دەبوو بێنەدەنگ، ئەگەر "نایاسایی"شە دەبوایە ڕوونکردنەوەیان هەبوایە و ڕێکاری پێویستیان بگرتایەتەبەر.

دروستکردنی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی شاخی گۆیژە جگە لەوەی زیان بە ژینگەی شارەکە دەگەیەنێت، هاوکات جیاوازیی چینایەتی لە شارەکە گەورەتر دەکات، چونکە بەگوێرەی دیزاینی سایدپلانەکەی، پڕۆژەکە بەشێوەیەکە کە هەر ڤێلایەک نرخەکەی لە سەروو یەك ملیۆن دۆلارەوەیە، بەوەش نەك چینی هەژار، بەڵکو چینی مامناوەندی کۆمەڵگەش (ئەگەر مابێت) ناتوانن ببنە خاوەنی پڕۆژەکە و تەنیا لە دوورەوە دەتوانن وێنەی بگرن.

ئەگەر زەویی شارەکان بەشێکیان موڵکی خەڵکیی و بەشێکیان موڵکی دەوڵەت بن، ئەوا شاخ و دۆڵ و گردەکان موڵکی سروشتن، هەربۆیە کەس نازانێت بە چ پێوەرێك ئەو شاخە دراوە بە کۆمپانیای جێبەجێکار؟ ئاخۆ لە زیادکردنی ئاشکرا یان نهێنیدا بووە؟ هیچ کۆمپانیایەکی کێبڕکێکار نەبووە؟

خاڵێکی دیکە کە لایەنی فەرمی واتا حکومەت دەیەوێت بیکات بە دەستکەوت، ئەوەیە کە کۆمپانیای جێبەجێکار ڕێگەی دوو ساید دروستدەکات، لەکاتێکدا هەمان کۆمپانیا لەڕێگەی دوو سایدی تونێلی پێشڕەو، بەهۆی دروستکردنی یوتێرنێك کە دەچێتە نێو پڕۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی، بوەتە هۆکاری زۆر ڕووداوی دڵتەزێنی هاتووچۆ کە چەندین کەس لەو ڕێگەیە گیانیان لەدەستداوە و کۆمپانیاکە ئامادە نییە یوتێرنەکە لەو ڕێگەیە لابدات.

لایەنێکی دیکەی نێو ئەم پرسە کە دەبوایە قورسایی بەشێک لە هەڵوێستەکان لەلای ئەو بونایە، دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستانە. دەستەکە لە بەرنامەی کارکردنەکەیدا دەڵێت پلانی وه‌به‌رهێنانی كه‌شوهه‌وا له‌ هه‌رێمی كوردستان، بەشێکە لە هه‌وڵەکان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و خۆگونجاندن له‌ چوارچێوه‌ی ڕێگریکردن لە گۆڕانکاری ژینگەیی، بەڵام دەستەکە بەرامبەر تێکدانی شاخی گۆیژە تا ئێستا بێدەنگیی هەڵبژاردووە.

بێدەنگی میدیاکان بەرامبەر ئەو پڕۆژەیە و پڕۆژەکانی دیکەی هاوشێوە یەکێکە لە پرسە جدییەکان، هۆکارەکەشی پەیوەندی بەوەوە هەیە، ساڵانێکە کۆمپانیای جێبەجێکار ڕیکلام دەداتە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ئەوانیش لە ڕووماڵکردنی ئەو پرۆژانەی مشتومڕیان لەسەرە بێدەنگی هەڵدەبژێرن.


#باشووری کوردستان
#ژینگە