کوردستان

ئیخلاس دلێمی: لە دوو ڕۆژی ئایندەدا وردبینی لیستی مووچەی ‌هێزەئەمنییەکان کۆتایی دێت

27/05/2024
dinar

دەنگوباس

جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی ئایندەدا وردبینی لیستی مووچەی ‌هێزەئەمنییەکان کۆتایی دێت و ڕەوانە دەکرێت.

ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به‌ کەناڵی کوردستان24ی ڕاگه‌یاند، لەسەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی قسەی کردووە و پەیوەندی بەدیوانی چاودێری داراییەوە کردووە و هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی نیسانی هێزە ئەمنییەکان پەیوەندی بە وردبینیکردنەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەکرد، لە ماوەی دوو رۆژدا وردبینیکردن کۆتایی دێت و مووچەی هێزە ئەمنییەکان رەوانەدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لە وەڵامی پرسیاری لیژنەی دارایی پەرلەمان تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، لەگەڵ پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی و پڕۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەو بڕەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دیاریکراوە، هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا دەنێردرێت.


#مووچە
#باشووری کوردستان