کوردستان

ناوی سێ یەکەمەکانی هەرێم بۆ دامەزراندن ڕەوانە دەکرێت

27/05/2024
xwendni bala

دەنگوباس

بە مەبەستی دامەزراندن، سبەی وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى لیستی ناوی سێ یەکەمەکان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەیەکى تایبەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی وەزارەت ئەنجامدا، بۆ هەنگاوە کۆتاییەکانی ئامادەکاری و هەماهەنگی بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشەكان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى (2017 - 2018) تاکو (2022 - 2023)، کە وابڕیارە سبەی لیستی کۆتایی ناوەکانیان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، دامەزراندنى سێ یەکەمەکان بە ئەرکى لە پێشینەى خۆمان دەزانین و لە ماوەى ڕابردوودا هەموو هەوڵێکمان لەو بوارەدا خستووەتەگەڕ، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و ئاسایی خۆیانە، لەم قۆناغەشدا پێویستە هەموان پێکەوە هەماهەنگ و هاوکارى یەکتر بین، بۆ ئەوەى مافى هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێ، بۆیە دەبێ لە تۆمارکردنى ناوى چواریان و بەشەکانیان و تەواوى زانیارییەکان ورد بین و نابێت هیچ چۆرە کەمتەرخەمییەک لەم روەوە هەستى پێ بکرێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەى بە هەوڵەکانى وەزارەت کرد لە ماوەى ڕابردوودا بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکان، بەتایبەت وانەبێژان و سێ یەکەمەکان و دەرچوانی بەشە پزیشکییەکان و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرای دانیشتوانى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان.

جێگەی ئاماژەیە لە هەرێمى کوردستان، ساڵانى ڕابردوو بەهەوڵەکانى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى توانرا سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دابمەزرێنین.


#باشووری کوردستان