دەنگوباس
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە رادۆ ئۆكتاڤیان دۆبرێ، باڵیۆزی ڕۆمانیا لە عێراق، تاوتوێی چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەممە بەڕێوەچوو، گفتوگۆ كرا لەبارەی هاندانی وەبەرهێنەرانی ڕۆمانی بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان، بە تایبەتیش لە بواری پیشەسازیی خۆراكدا و جێگری سەرۆك وەزیران ئامادەیی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە تا بەشداربن لە پرۆسەی گەشەسەندنی ئابوریی هەرێمدا.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كرا و جێگری سەرۆك وەزیران دواپێشهاتەكانی بۆ باڵیۆزی رۆمانیا ڕوونكردەوە و رایگەیاند، ئێستا پەیوەندییەكان لە ئاستێكی باشدایە و لە هەردوولاوە هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتیش كێشەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
#قوباد تاڵەبانی
#باشووری کوردستان