جیهان

نەتەوە یەکگرتووەکان: غەززە بۆ ئاوارەکان بووەتە دۆزەخی سەر زەوی

27/05/2024
UNRWA

دەنگوباس

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA) ڕایگەیاند، دیمەنە ترسناکەکانی کۆمەڵکوژییەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل لە ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە غەززە بووەتە "دۆزەخی سەر زەوی".

ئاژانسەکە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێكس ڕایگەیاندووە، ئەو زانیارییانەی کە لە ڕەفەحەوە سەبارەت بە هێرشی زیاتر بۆ سەر ئەو خێزانانەی کە بەدوای پەناگەدا دەگەڕێن، مایەی ترسن.

ڕاشیگەیاندووە، ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە کۆمەڵکوژییەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل لە ڕەفەح، ژمارەیەکی زۆری قوربانی لێکەوتووەتە کە لەنێویاندا منداڵ و ژن هەن.

باسی لەوەشکردووە، دیمەنە ترسناکەکانی کۆمەڵکوژییەکەی شەوی ڕابردووی ئیسرائیل لە ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە، بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە غەززە بووەتە، دۆزەخی سەر زەوی.

ئاماژەی بەوەشداوە، کە پەیوەندیدییان لەگەڵ کارمەندەکانیان لە ناوچەکەدا، نییە و ڕایگەیاندووە، ئێستا، هیچ زانیارییەکمان لەبارەی بوونی کارمەندەکانمان لە ناوچەکەدا نییە و ئێمە هەست بە نیگەرانی دەکەین سەبارەت گیانی کارمەندەکانمان و ئاوارەکان لە ناوچەکە.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە، هیچ شوێنێکی پارێزراو لە غەززە نییە، هەروەها هیچ کەسێکیش لە غەززە سەلامەت نییە.

دوێنێ یەکشەممە سوپای ئیسرائیل، دوو خانوو و کەمپێکی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە کە ١٠٠ ھەزار ئاوارەی فەڵەستینی تیایدا نیشتەجێن، بۆردومان کرد و لە ئاکامدا، ٣٥ فەڵەستینی کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.

لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، تیمەکانیان ٥٠ کەسیان بە کوژراو و برینداری گواستووەتەوە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ڕەفەح کوژراون و برینداربوون.

ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییەیش دوای دوو ڕۆژ لەو بڕیارەی دادگای دادی نێودەوڵەتی دێت کە تیایدا داوا لە ئیسرائیل دەکات، دەست بەجێ ھێرشەکانی بۆسەر ڕەفەح بوەستێنێت.

ئەو کەمپەی کە بۆردومان کراوە، پێشتر لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە وەک پەناگەیەکی ئارام دەست نیشان کرابوو، بۆ ئەوەی ئاوارە فەڵەستینییەکان ڕووی لێ بکەن.

ھاوکات سوپای ئیسرائیل دانی بەوەدا نا کە لە ھێرشەکەی دوێنێ یەکشەممە بۆسەر کەمپێکی ئاوارەکان لە باکووری ڕۆژئاوای شاری ڕەفەح، ژمارەیەک کەسی مەدەنی بوونەتە قوربانی.


#ئیسرائیل
#فەڵەستین