دەنگوباس
سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە لە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و پابەندكردنی هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە کە ڕێكارەكانی تۆماركردنی داتای فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خێرا بکرێت، هەژماری بانكی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەخت لە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی و پابەندكردنی هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكاتەوە، كە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لە 21ی شوباتی ئەمساڵدا دەرچوێنراوە و هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی كەرتی گشتی كە لە هەرێمی كوردستاندا خزمەتدەكەن.
ئەوەش خراوەتەڕوو، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە خەمی گرنگیدان بە فەرمانبەرانە لە هەر شوێنێك بن بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان بەپێی یاسا و دەستوور كە پەسەندكراون.
#مووچە
#عێراق
#باشووری کوردستان