دەنگوباس
دەستەى سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنى عێراق کۆدەبێتەوە، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات.
بڕیارە رۆژى سێشەممە، دەستەى سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کۆببێتەوە، وادەیەکی نوێ
بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دیاری بکات.
بەپێی زانیارییەکانی میدیای یەکێتی، کۆمیسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە، دەتوانن لە مانگى ئاب پرۆسەکە بەڕێوەببەن، کۆدەنگیى لایەنەکان هەیە، هەڵبژاردن لە 15ی ئەیلوول بەڕێوەبچێت، بەڵام پێشنیازێکیش لە سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان هەیە پرۆسەکە بخرێتە سەرەتای تشرینى یەکەمى ئەمساڵ.
پێشتریش دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنسوڵخانەی گشتیی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند، بۆ دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن، چاوەڕوانى کۆمیسیۆنن بە فەرمی ئاگاداریان بکاتەوە.
#هەڵبژاردنی کوردستان
#باشووری کوردستان