کوردستان

کۆمپانیای قەیوان: ئەو دوو گردەی دەیانبڕینەوە لە پێناو خزمەتکردنی شاری سلێمانییە و دەیانکەین بە شوێنی نیشتەجێبوون

26/05/2024
qaiwan

دەنگوباس

بەڕێوەبەری پرۆژەكانی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەو دوو گردەی دەیانبڕینەوە لە پێناو خزمەتکردنی شاری سلێمانییە و دەیانکەین بە شوێنی نیشتەجێبوون".

شاباز سدیق، بەڕێوەبەری پرۆژەكانی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە كە لە شەقامێكی دوو كیلۆمەتری و بەشێك لە شەقامی 100 مەتری و بەشێكیشی فراونكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەكانی سلێمانیە.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەم پڕۆژانە بە كۆی گشتی نزیكەی 50 ملیار دیناری تێدەچێت و لەلایەن كۆمپانیای قەیوانەوە جێبەجێدەكرێت، ئەو دوو گردە بەشێك دەبێتە لە فراوانكردنی پرۆژەی نیشتەجێبوونی بەرزاییەكانی سلێمانی و دەكرێنە شوێنی نیشتەجێبوون.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم پڕۆژەیە بە پێی ڕێككەوتنێک لەگەڵ حكومەت كراوە، مۆڵەتی نزیكەی 14 بەڕێوەبەرایەتی بۆ وەرگیراوە، ئەمەش بۆ خزمەتكردنی شاری سلێمانیە.

هاوکات وتەبێژی شارەوانی سلێمانی لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، ئەم پرۆژەیە رەزامەندی هەموو لایەنەكانی وەرگرتووە، شارەوانی و وەبەرهێنان و ژینگە، لەبەرامبەر ئەو پرۆژەیە شەقامێكی دووساید درووست دەكەن.

ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیاکەی قەیوان لەبارەی بڕینەوەی گرد و کردنی بە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە کاتێکدایە، کە ناڕەزایەتی هاووڵاتییان و چالاکوان، چین و توێژە جیاوازەکانی دیکەی بەدوای خۆیدا هێناوە.


#ژینگە
#باشووری کوردستان