کوردستان

قائیمقامی سلێمانی لەبارەی مریشك، هێلكە و گۆشتەوە بڕیاری دا

26/05/2024
gosht

دەنگوباس

قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا قەدەغەی هاوردەكردنی مریشك و هێلكە بەردەوامبێت، هاوکات هاوردەكردنی گۆشتی سوور و ئاژەڵی زیندوو و ماسی كراوەبێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە دوو كۆبوونەوەدا كە نوێنەری ڤێتێرنەری، ئاسایشی ئابوری، كشتوكاڵ، چاودێریی بازرگانی، كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، سەندیكای عەلوە بەشداربوون، بڕیاردرا لەپێناو كوالێتی و بڕی بەرهەمی ناوخۆیی و گونجاندنی لەگەڵ دۆخی ئابوریی هاووڵاتییان چەند ڕێكارێك بگیرێنەبەر، لەوانە بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشك و هێلكە بەردەوامبێت، لە هەمانكاتدا بڕی هاوردەكردنی گۆشتی سوور و ئاژەڵی زیندوو و ماسی كراوەبێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكاندا پێداچوونەوە بە مۆڵەتپێدانی كێڵگە پەلەوەرییەكان و دروستكردنی هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كرا بۆ ئاڵوگۆڕی بەرهەمی ناوخۆیی.

قائیمقامیەتی سلێمانی جەختی کردەوە لەوەی، كە بەروبوومە ناوخۆییەكان لە ڕووی كوالێتی و بڕەوە گرنگییان پێبدرێت، هاوكات گرنگی زیاتر بە ساردكەرەوەكان و هەڵگرتنی سەوزە و میوە بدرێت بۆئەوەی زیاتر سوود لە بەروبوومی ناوخۆ وەربگیرێت.


#ئابووری
#باشووری کوردستان