دەنگوباس
ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی بۆردومانەکەی دوێنێ شەممەی سوپای ڕووسیا بۆسەر شاری خارکێڤ باکووری ڕۆژھەڵاتی ئۆکراینا کوژراون بۆ ١١ کەس زیادی کرد.
لەمبارەیەوە فەرمانڕەوای ناوچەی خارکێڤ، ئۆلیگ سینیگوبۆڤ لە ھەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕایگەیاندووە، ژمارەی قوربانیانی بۆردومانەکەی دوێنێ شەممەی سوپای ڕووسیا بۆسەر کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە شاری خارکێڤ، بەرزبووەتەوە بۆ ١١ کوژراو و ٤٠ بریندار.
ئاماژەی بەوەشداوە کە دۆخی تەندروستی دوو لە بریندارەکان، ناجێگیرە.
دوێنێ شەممە فەرمانڕەوای ناوچەی خارکێڤ، ئۆلیگ سینیگوبۆڤ ڕایگەیاندبوو، کە کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە شاری خارکێڤ، لەلایەن سوپای ڕووسیاوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، چوار کەس کوژراون و ٢٤ی دیکەش برینداربوون.
لەوبارەیەوە وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا، ئیگۆر کلیمێنکۆ لە ھەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاندووە کە بەھۆی بۆردومانەکەی دوێنێ شەممەی سوپای ڕووسیا بۆسەر کۆگایەکی کەرەستەی بیناسازی لە شاری خارکێڤ، زیاتر لە ١٠ ھەزار مەتر زەوی چوار گۆشە سووتاوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، کە دوێنێ شەممە لە کاتی بۆردومانکردنەکەدا، ٢٠٠ کەس لەنێو کۆگاکەدا بوون، تا ئێستا سوپای ڕووسیا، ھیچ ڕاگەیاندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.
#ئۆکرانیا
#ڕووسیا