رۆژهەڵاتی ناوەراست

محەمەد شیاع سودانی و ئەنتۆنیۆ گوتیرێس پرسی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی یۆنامی-یان لە عێراق تاوتوێ کرد

26/05/2024
sudani

دەنگوباس

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و  ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە پەیوەندییەکیی تەلەفۆنییدا، ژمارەیەک پرسی گرنگیان تاوتوێ کرد لەنێویاندا، دۆخی کەرتی غەززە و کۆتایی ھێنان بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە محەمەد شیاع سودانی بە تەلەفۆن لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس قسەی کردووە.

ڕاشیگەیاندووە، کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ کراوە، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوولا لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەندیدارە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئاووھەوا و بەڕێوەبردنی ئاو.

باسی لەوەش کردووە، کە ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، پرسی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یۆنامی) لە عێراق خراوەتە بەرباس و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سودانی سوپاسی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەو ھاوکاری و یارمەتییەی کە تا ئێستا بۆ بنیاتنانی دیموکراسی، ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پێشکەش بە عێراقی کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە دۆخی کەرتی غەززە کراوە و لەوبارەیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە پێویستە زلھێزەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەرکی مرۆیی، ئەخلاقی و یاسایی خۆیان جێبەجێ بکەن لەپێناو پاراستنی گەلی فەڵەستینی و دەستەبەرکردنی مافە مێژووییەکەی.

 


#عێراق
#ئەمریکا