دەنگوباس
محەمەد عەلی تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی بانکی نێودەوڵەتی داوای لە بانکەکە کرد کە بۆ پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، پاڵپشتی زیاتر پێشکەش بە عێراق بکات.
وەزیری پلاندانانی عێراق، محەمەد عەلی تەمیم داوای لە بانکی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، پاڵپشتی زیاتر پێشکەش بە عێراق بکات.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە محەمەد عەلی تەمیم پێشوازی کردووە لە سەرۆکی بانکی نێودەوڵەتی، جان کریستۆف و شاندی یاوەری.
لە کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی ئاستی ئەو پاڵپشتییەی کە بانکی نێودەوڵەتی بۆ پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" پێشکەش دەکات، گفتوگۆ کراوە، لەوانەش نوێکردنەوەی تۆڕی ھێڵی ئاسنی ئێستا و ھێڵی نوێ ئاسنین کە عێراق بە تورکیا دەبەستێتەوە و لەوبارەیەوە محەمەد عەلی تەمیم داوای لە بانکی نێودەوڵەتی کردووە کە بۆ پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، پاڵپشتی زیاتر پێشکەش بە عێراق بکات.
باسی لەوەشکرد، کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان" پڕۆژەیەکی گرنگە، بەو پێیەی دەرفەتییەکی زۆری کارکردن، وەبەرھێنان و گەشەپێدان لە ناوچەکانی عێراق دەرخەسێنێت.
پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، ڕێگای وشکانی و ھێڵی ئاسنین لە خۆدەگرێت کە بەندەری فاو لە کەنداوی بەسرە باشووری عێراق بە درێژایی ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر بە تورکیا و دواتر ئەورووپا دەبەستێتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەردەوامی پاڵپشتی بانکی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی وزە لە عێراق کراوە سەبارەت بە بەهێزکردنی تۆڕی کارەبا، پەرەپێدان بە وزەی نوێبووەوە و بەستنەوەی تۆڕی کارەبای عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.
#عێراق