بیروڕا

گۆیژە و یەکێتی

25/05/2024
khalid sleman

خالید سلێمان

دوو ساڵ پێش ئێستا لە چاوپێکەوتنێکدا لەسەر شاشەی کەناڵی کوردسات، ڕۆژنامەنووسەکە داوای لێکردم وەک ڕۆژنامەنووسێکی تایبەتی بواری ژینگە و گۆڕانکاری کەشەوهوا، ڕای خۆم لەسەر هەڵمەتی چاندنی یەک ملیۆن نەمام لەلایەن یەکێتییەوە بڵێم، هەڵمەتەکەش لەلایەن سەرۆکی یەکێتی تاڵەبانییەوە ڕاگەیەندراو دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو کەناڵەکانی میدیادا هەبوو.

وەڵامەکەی من بەم شێوەیەی خوارەوە بوو: ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر باشە، بەڵام پێش چاندنی ملیۆنێک نەمام، زۆر گرنگە پارێزگاری لەو دار و درەختانە، هەروەها لەو سیستمە ژینگەییە بکرێت کە لە کوردستان و بەتایبەتی لە پارێزگای سلێمانیدا هەن.

دوای دوو ساڵ، لە شەخشی سەرۆکی یەکێتی دەپرسم، ئەرێ هێشتا مەرەکەبی هەواڵەکانی چاندنی ملیۆنێک نەمام کە بەبۆنەی یادی یەکێتییەوە ڕاتان گەیاند وشک نەبووەتەوە، کەچی وا خەریکە چیای گۆیژە لەناو دەبرێت. 

ئایا ڕەوایە یەکێک لە خەسڵەتە سروشتی و ژینگەییە هەر جوانەکانی شاری سلێمانی، کە چیای گۆیژەو ئەزمەڕە، بخرێتە بەردەست هەندێ کۆماپانیا و بکرێتە ڤێلا و شوقە؟ ئەوە چی یاسا و ڕێسایەکە، چیایەک تێکبدرێت و بکرێتە سەرچاوەی دەردانی گەرمی، تۆز و خۆڵ، ئەوەش لە پێناو چەند تەنێکی کۆنکرێتیدا کە شارەکە لە ڕووی ژینگەییەوە دەکاتە کورەی ئاگر؟ 

ئێوە باش دەزانن، کە هیچ قەیرانێکی نیشتەجێبوون لە ئارادا نییە، بگرە (فائیزێکی) زۆر لە ڤێلاو شوقەدا هەیە، ئەمەی کە لە لاپاڵەکانی گۆیژەشدا دەکرێت، ئاکارێکی زۆر خراپی بەسەر ئاو، هەوا و ژینگەی شارەکەوە دەبێت. 

چیایەک کە خاک و پێکهاتەکانی فاکتەری ساردکردنەوەی شارن و مۆڵگەی چەندان زیندەوەری ناو خاکن، هەروەها عەمباری هەڵمژنی کاربۆنن، چۆن دەکرێت بەم شێوەیە تێکبدرێت و بکرێتە سەرچاوەی بەخشینی وزەی گەرمی. 

هەڵبەتە ئەم تەنە کۆنکرێتیانە جگە لەوەی گەرمی دەبەخشن، پێویستیان بە ڕادەیەکی ئێجگار زۆر بەئاو هەیە، لە کاتێکدا شار و ناوچەکە تووشی گرفتی بێ ئاوی بوون؟


#ژینگە
#باشووری کوردستان