کوردستان

شارەوانی سلێمانی لەبارەی حەرەمی ٢٨ گوندەوە هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

25/05/2024
slemani

دەنگوباس

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند، تێگەیشتنی هەڵە بۆ فراوانكردنی حەرەمی ٢٨ گوندەكەی سلێمانی لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەیە، بەپێی نەخشەی كادسترۆیە نەك نەخشەی شارەوانی، بۆیە نابێت خانوو دروست بكرێت یان هەیكەلەكانی تەواو بكرێن.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رێگەی تیمەکانمان لە بەشی زیادەڕەوی تێبینیمان کردووە کە تێگەیشتنێکی هەڵە بۆ فراوانکردنی حەرەمی ٢٨ گوندەکە لە ئارادایە، بەهۆیەوە کۆمەڵێک هاوڵاتی بەبێ ڕێگەپێدانی شارەوانی کەوتوونەتە تەواوکردنی هەیکەل و دروستکردنی خانوو.

ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی پێویستە هاووڵاتییان بیزانن ئەوەیە کە حەرەمی ئەو ٢٨ گوندە بەپێی نەخشەی کادسترۆ دیاری دەکرێت نەوەک بەپێی نەخشەی شارەوانی، بۆیە ئەو زەوی و خانووانەی کە دەکەونە نەخشەی شارەوانی کە بۆ گوندەکە کراوە مەرج نییە بکەونە حەرەمی گوندەکەشەوە، بە تایبەت گوندەکانی مەلاداود و هوانە و کانی شینکە.

ئاماژەی بەوەکرد، حەرەمی ئەو سێ گوندە بچووکە و زۆربەی زەوی و خانووەکانی ئەو سێ گوندە دەکەوێتە دەرەوەی حەرەمی گوندەکەوە.

شارەوانی سلێمانی داواشی لە هاووڵاتییان کرد، بەبێ ڕێگەپێدانی شارەوانی خانوو دروست مەکەن و هەیکەل تەواو مەکەن، شارەوانی بەرپرس نییە لە هەر زەرەر و زیانێک کە بەهۆی دروستکردنی خانوو بەبێ رێگەپێدان بەر هاووڵاتییان بکەوێت.


#باشووری کوردستان