دەنگوباس
کەسێکی خاوەنپێداویستی تایبەت کە نابینایە، بە دەستڕەنگینییەکەی بووەتە جێی سەرنجی خەڵک.
ڕەحمە محەمەد ڕەشید تەمەن ٥٠ ساڵ، دانیشتووی شاری سلێمانیە و دایکی چوار منداڵە، خۆی بە هونەری کاری دەستییەوە سەرقاڵکردووە.
کاتێک ڕەحمە تەمەنی پێنج ساڵان بووە لە سەروبەندی جەنگی نێوان عێراق-ئێران، باوکی کۆچی دوایی کردووە و، دایکی ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانی کە چوار کوڕ و دوو کچ بوونە گرتووەتە ئەستۆ و پێیگەیاندوون.
ڕەحمە دوای ئەوەی فێری کاری دەستی دەبێت، جانتای نایاب لە موروو دروست دەکات، منداڵەکەی لە ڕێگای کاری فرۆشتنی بۆ دەکات.
وەک خۆی باسی دەکات تا ئێستا بەشداری لە دوو فێستیڤاڵدا کردووە و بەرهەمەکانی نمایشکردوون و، بوونەتە جێی سەرنج و کڕیاریشیان هەیە.
ئەو پێشتر کەسێکی ساغ و تەندروست بووە تا ئەوکاتەی مینێک پێیدا دەتەقێتەوە و دەستێکی و بینایی لەدەست دەدات.
لەبارەی هۆکاری لەدەستدانی بینایی، ڕەحمە محەمەد وتی، ئەو کاتەی دووچاری ئەم کارەساتە بووم، ساڵی ١٩٨٨بوو، ماڵمان لە کۆمەڵگای نەسر بوو ( کەوتووەتە ناحیەی وارماوا لە قەزای شارەزوور سەربە پارێزگای سلێمانی)، شتێک لە حەوشەکەماندا بوو نەماندەزانی چییە (دواتر زانیمان مینی دژە کەسییە)، جار جار یاریشمان پێی دەکرد، نوسراوەکانی سەری هیچی نەمابوو، لەبەرئەوە نەماندەزانی چییە. ڕۆژێک کە بۆ مریشک سەربڕین چوومە دەرەوە، ئەو مینەم بە دەستەوە گرت، سەرەتا خەریک بوو پێی پێدابنێم، بەڵام وام نەکرد و دواتر ویستم بە چەقۆکەی دەستم بیکەمەوە، ئەوە بوو پیامدا تەقییەوە.
ناوبراو وتیشی، دەستبەجێ چاوەکانم لەدەستدا، لەگەڵ دەستی چەپم، ئەو ڕۆژە ئێوارەی نەورۆز بوو، خەڵکێکی زۆر لە ماڵمان کۆبووەوە، پاشان بردمیان بۆ نەخۆشخانە لەوێش وتیان بیبەن بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، ڕۆژێکی دژوار بوو، حکوومەت بە دوای کەسانی هەڵاتوو لە سەربازیی (فیرار) دەگەڕا.
ڕەحمە باسی لەوە کرد کە هەتا پۆلی حەوتی خوێندووە، ویستوویەتی بەردەوامی بە خوێندنەکەی بدات، بەڵام بەهۆی ئەو کارەساتەوە نەیتوانیووە و وتی، یەکێک لە چاوەکانم تارمایی بۆ گەڕایەوە و ماوەی ١٠ ساڵ دەیبینی، ئەویش تەنیا بەرپێی خۆمم دەبینی و دەمتوانی ڕێ بکەم، تا ساڵی ١٩٩٩ ئەم بینینە بەردەوام بوو.
لە مانگی شوباتی ١٩٩٩دا ڕەحمە هاوسەرگیری کردووە و کاتێک منداڵی دووەمی هاتووەتە دونیاوە، چاوی بە تەواوی بینایی لەدەستداوە و، وتی، پزیشکەکان وتیان چاوت تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە و ناتوانین دەستکاری بکەین، ئینجا توشی تێکچوونی شەبەکەی چاو بوو و بەتەواوی بینینم لەدەستدا، سەرەتا زۆر ناڕەحەت بووم، تەنانەت لەکاتی هەستانەوە و ڕێکردنیش، نەمدەزانی چی بکەم، بیرم دەکردەوە ئەم منداڵانە چۆن بەخێو بکەم، چۆن بەردەوام بم لە ژیان، بەڵام وردە وردە خۆمم ڕاهێنا تا باش بووم و ڕاهاتم بە ئیشی ناو ماڵ و، منداڵەکانیشم دایە دەست خودای گەورە، بەو حاڵەوە ئەم دوو منداڵەی دیکەشم بوو، ئیتر خۆم بە منداڵەکانەوە سەرقاڵکرد تا گەورە بوون.
لە دوای گەورەبوونی منداڵەکانی، ڕەحمە خۆی سەرقاڵکردووە بە بەشداریکردن لەو خول و ڕاهێنانەی کە ڕێکخراوەکان دەیانکەنەوە و، چوار بۆ پێنج مانگ دەبێت دەستی بە کاری دروستکرنی جانتا کردووە.
سەبارەت بە فێربوونی ئەو هونەرە ڕەحمە ڕایگەیاند, مامۆستایەک لە ڕێکخراوی ڕۆشنایی دڵ فێریکردین، خۆی کاری دەستی دەکات، ئێمەی فێری دروستکردنی ئەم جانتایە کرد. سەرەتا دەموت فێرنابم، بەڵام زۆریشم حەز دەکرد فێربم، بە هاوکاری کچەکەم توانیم فێرببم, جاران لە دوای ئیشەکان زۆر بێتاقەت دەبووم و دەخەوتم، بەڵام ئێستا خۆم سەرقاڵکردووە. ئێستا لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەرهەمەکانمان دەفرۆشینەوە. تا ئێستا لە دوو فێستیڤاڵیشدا بەشداریم کردووە.
ڕەحمە بە نزیکەی دوو ڕۆژ جانتایەک تەواو دەکات و وەک خۆی دەڵێت، ئەگەر کەسی ئاسایی دروستی بکات بە ڕۆژێک تەواوی دەکات، بەڵام من ڕۆژ و نیوێک بۆ دوو ڕۆژم پێویستە تا جانتایەک تەواو بکەم.
ڕەحمە پەیامی بۆ کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت و کەسوکاریان هەیە و دەڵێت، پەیامم ئەوەیە بۆ ئەو کەسانەی وەک منن و خاوەنپێداویستی تایبەتن، بەتایبەتیش بۆ کەسوکاریان کە گۆشەگیرنەبن، ئەوا سەردانی ڕێکخراوەکان بکەن و خۆیان فێری ئەم هونەرە دەستییانە بکەن، ئێمە هەفتانە دوو ڕۆژ دەچین، هەم لە ڕووی دەروونییەوە ئاسوودەین، هەمیش فێری ئەم کارە دەستییانە دەبین.
ڕەحمە سەرەڕای ئەوەی نابینایە، بەڵام دڵی بە ژیان و منداڵەکانی خۆشە و هەردەم سوپاسگوزاری خودای گەورەیە و، دەڵێت، ٣٥ ساڵ دەبێت من وام لێهاتووە، بەڵام زۆر گەشبینم بە ژیان و زۆر دڵم خۆشە بە منداڵەکانم کە خودای گەورە پێی بەخشیووم، لەگەڵ ئەوەی ئەم کارەساتەم بەسەردا هاتووە خودای گەورە لەلایەکی دیکەوە ١٠٠ دەرگای دیکەی بەسەرمدا کردووەتەوە. زۆر دڵم بە ژیان و ماڵەکەم و منداڵەکانم خۆش.
کچێکی ڕەحمە بەناوی ڕەیان کە تەمەنی ١٧ ساڵانە، هاوکاری دایکی دەکات لە کاروبارەکانییدا و، وەک خۆی باسی دەکات، زیاتر وەک دوو هاوڕێ مامەڵە دەکەن، نەک کچ و دایک.
ڕەیان وتی، من خوێندکاری ئامادەیم، وێڕای خوێندنەکەم هاوکاری دایکم دەکەم، بەڵام سوپاس بۆ خودا دایکم زۆر باشە و خۆی دەتوانێت نەخشەکان بە جوانترین شێواز دروست بکات، هەندێک جار مورووی ڕەنگی جیاواز تێکەڵ بە مورووەکانی دیکە دەبێت، یارمەتی دەدەم و هەڵیدەوەشێنینەوە و ئەو موروە دەردەکەین بۆ ئەوەی جانتەکە کەموکوڕی نەبێت. من و دایکم نەک وەک و کچ و دایک، زیاتر وەک دوو هاوڕێین و، زۆر بەیەکەوە گونجاوین.
#باشووری کوردستان