دەنگوباس
وەزارەتی تەندروستی هەرێم هۆشداری دەدات لەبارەی بەكارهێنانی دەرمانەكانی گەورەكردنی ئەندامەكانی جەستەی ژنان و پیاوان و چەند دەرمانێكی دیكە و دەڵێت، لێكەوتی مەترسیدار لەسەر ئەندامەكانی لەش جێدەهێڵن.
كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەکرد، هاووڵاتییان ئاگاداری بەرهەمی ساختە بن كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دوكانەكانی فرۆشتنی بەناو گیادەرمان، بەردەوام بانگەشەی هەڵە و چەواشەكارانە بۆ مەبەستی چارەسەركردن و كەمكردنەوە یان ڕێگریكردن لە نەخۆشی بۆ كۆمەڵێك بەرهەمدەكرێت، لەكاتێكـدا ئەو بەرهەمانە بەپێی پێوەرە زانستییەكانی ڕێكخستنە دەرمانسازییەكان ڕێگەپێدراو نین.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بەرهەمانەی بەردەوام ڕیكلام و بانگەشەی پەسەندنەكراو و درۆینەی وەك چارەسەركردنی نەخۆشیی شەكرە، قەڵەوی، کەمی كێش، گەورەكردنی ئەندامەكانی جەستەی ژنان و پیاوان و لاوازیی سێكسی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆدەكرێت، بەپێی راپۆرتی هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی تاقیگەیی دامەزراوە گەورەكانی دەرمان، ئەو بەرهەمانە مەترسیدارن، چونكە ماددە و دەرمانی شاراوە یان قەدەغەكراویان بەبڕی زۆر تێدایە، سەرجەمیشیان لێكەوتی مەترسیداری تەندروستی لەسەر ئەندامەكانی لەش جێدەهێڵن.
#تەندروستی
#باشووری کوردستان