دەنگوباس
لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 47 ئیمزا بۆ هەموارى دووەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لە عێراق کۆکراوەتەوە، داوای گۆڕینی تەمەنی خانەنشینبوون دەکەن.
ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق داوا دەکەن هەموارى دووەمى یاساى خانەنشینى لە عێراق بکرێت، بەگوێرەى پڕۆژەى هەموارەکە کە ئامادەیان کردووە، تەمەنى خانەنشینى لە عێراق لە 60 ساڵەوە دەکرێتە 63 ساڵ.
لە هەموارەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، کە پێویستە گرنگى بە ژیان و ماف و شایستەکانى خانەنشینان بدرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتى نوێ بۆ خانەنشینان جێگیرکراوە.
بەگوێرەى هەموارى یەکەمى یاساى خانەنشینى یەکگرتوو لەساڵى 2019 تەمەنى خانەنشینى لە 63 ساڵەوە کەمکرایەوە بۆ 60 ساڵ، ئەمەش لەپێناو کردنەوەى دەرگاى دامەزراندنى گەنجان، بەڵام جارێکى دیکە داوادەکرێت تەمەنى خانەنشینى بەرزبکرێتەوە بۆ 63 ساڵ.
کەمترین مووچەى خانەنشینیى شارستانى لە عێراق 420 هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان 220 هەزار دینارە، یەکێتى خانەنشینانى هەرێمى کوردستانیش لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا، چونە بەغداد و داوایانکرد، یاساى خانەنشینیى یەکگرتووى عێراق لە هەرێمى کوردستان جێبەجێبکرێت و شایستە داراییەکانیان هاوتابکرێت.
#عێراق