جیهان

لە ٢٣٠ ڕۆژدا لە غەززە ٨٧ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە تەواوی ڕووخاوە

24/05/2024
ghazza

دەنگوباس

سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، لە هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەدا ٧٧ هەزار تۆن تەقەمەنی بەکارهێناوە و ٨٧ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بەتەواوی ڕووخاندووە.

میدیای حکومەت لە غەززە، ئاماری ٢٣٠ ڕۆژی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە خستەڕوو و باسی لەوەکردووە، کە سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا سێ هەزار و ١٩١ کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە لە ئاکامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە ١٥ هەزار و ٢٣٩ منداڵ و ١٠ هەزار و ٩٣ ژن گیانیان لەدەستداوە و، ١٠ هەزار کەسیش لە ژێر داروپەردووی ڕووخاودان یان بێسەروشوێنن، ژمارەی ئەو کوژراوانەشی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان ٣٥ هەزار و ٨٠٠ کەسن، ژمارەی بریندارانیش ٨٠ هەزار و ٢٠٠ کەسن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە ٪ ٧١ی ئەو کەسانەی لە غەززە ڕووبەڕووی هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتەوە ژن و منداڵن، بەهۆی ئەو برسێتی و بێ ئاویەی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دروستی کردووە و ڕێگریی کردن لە گەیشتنی هاوکارییەکان، ٣١ کەس لە غەززە بەهۆی بەدخۆراکی و لەدەستدانی شلەی لەش گیانیان لەدەستداوە.
ل

ەو هێرشانەی ئیسرائیلدا کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا ئەنجامیان دەدات، تیایدا ٧٧ هەزار تۆن تەقەمەنی بەکارهێناوە، ٤٣٩ کارمەندی تەندروستیی، ٦٩ کارمەندی بەرگریی شارستانی و ١٤٧ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە، لە حەوت گۆڕی بەکۆمەڵیشدا ٥٢٠ تەرمی هاووڵاتی فەڵەستینی دەرهێندراوە.

هەر لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا ١٨٩ بینای حکوومی، ١٠٨ قوتابخانە و زانکۆ و ٦٠٤ مزگەوت بە تەواوی ڕووخاون، ٣١٣ قوتابخانە و زانکۆ و ٢٠٠ مزگەوت بەشێکیان ڕووخاوە.

 


#ئیسرائیل
#جیهان