دەنگوباس
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دامەزراندنی 500 فەرمانبەر بە گرێبەست چەند خاڵێکی خستەڕوو و جەختی لەوەکردەوە، “تا ئەم ساتە دەست تێوەردان لە پڕۆسەکە نەکراوە”.
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە خاڵەکانی بەم شێوەیە خستەڕوو:
١- لە پۆستی دوێنێ ئاماژەمان داوە بەوەی ( تا ئەم ساتە) ئێمە ئاگاداری پڕۆسەکەین و تا ئەم ساتە دەست تێوەردان نەکراوە، هەوڵی زۆر هەبووە بۆ دەست تێوەردان بەڵام (تا ئەم ساتە) سەری نەگرتووە، بەڵێنی درۆش بە هەندێک دراوە ، بەڵام ناو تۆمارکردن تا ئێستا دەستیپێنەکردووە..
٢- کاری لیژنەکەی دیوانی پارێزگا کە بەندە ئەندام بوو تەواو بوو بریتی بوو لە دەستنیشانکردنی ناونیشانەکان و ژمارەیان و ناونیشانەکان نێردراوە بۆ ئەنجومەنی ڕاژە.
٣-بڕیار وایە لەلایەن ئەنجومەنی ڕاژە فۆرمەکان و پێوەرەکان شەفاف و دادپەروەرانە دابنرێت و بە ئۆنڵاین پرکرێتەوە و ئەنجومەنی ڕاژە سەرپەرشتی بکەن، لە حاڵەتی کارا کردنی لینکەکە هەموان ئاگادار دەکرێن کە هێشتا کارا نەکراوە و فۆرمەکان ئامادە دەکرێن.
٤- لە پێوەرەکان بڕیارە ڕەچاوی تەمەن و ساڵی دەرچوون بەهەند وەربگیرێت و هەروەها پێشنیار کرا کە لەبری نمرەی دەرچوون خاڵ لەسەر ئاستی دەرچوون وەک ( پەسەند ، ناوەند ، باشە ، زۆر باشە ، نایاب)دابنرێت، تا بتوانرێت پێوەرەکان نزیک بێت لە دادپەروەری و بڕیارە تەنها دانیشتووی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بتوانن دابمەزرێن.
٥- تا ئەم ساتە هەموان هاوڕان کە پڕۆسەکە بە دوور بێت لە دەستێوەردانی حزبی و کەسی...هتد، هەر حاڵەتێکیش ڕووبدات وەک ووتمان پێشتر چەند هەوڵێک هەبوو، دڵنیابن چاودێرێکی باش دەبین و بە ئەرکی خۆمان هەڵدەستین و هەوڵی تەواو دەدەین بۆ ڕێگری، ئەگەر نەشمانتوانی ڕێگری بکەین ئەوا ئاشکرای دەکەین بۆ هەمووان، خۆمان شەرمەزاری لای خوای گەورە و خەڵک ناکەین و قیامەتی خۆمان ناکەینە قوربانی هیچ کەسێک.
لە کۆتایدا ئەوەشی خستەڕوو، هیوادارین پرۆسەکە دادپەروەرانە تەواو بێت و هیچ کەسێکی دروست و بە ویژدان ئەگەر لە پڕۆسەیەکی دادپەروەرانە ناویشی دەرنەچێت نیگەران نابێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کەسی بە ویژدان هەوڵنادات زوڵم و ستەم لەوانی تر بکات بۆ بەرژەوەندی خۆی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند، پرۆسەی دامەزراندنی 500 فەرمانبەر بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە قۆناغی دەستنیشانكردنی ناونیشانەکان و دابەشکردندایە بەسەر فەرمانگەکاندا.
#باشووری کوردستان