کوردستان

وەزارەتی دارایی: دووەمین لیستی فەرمانبەرانی هەرێم ئاڕاستەی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) کرا

23/05/2024
wazarati darayi

دەنگوباس

وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، کە زانیاریی ٤٥٣ فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی بانکی TBI کراوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی “هەژماری من”، بە پشتبەستن بە ڕێکەوتنی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) بۆ ناردنی زانیاری فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ دووەمین هەفتە لەسەریەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەڵسا بە ناردنی زانیاریی ( ٤٥٣ ) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی لیست و زانیاری مووچەخۆران، کە ئەم بانکە هەڵدەبژێرن لە نێوان حەوت بانکەکانی ناو پڕۆژەی “هەژماری من’ بەپێی ئەو پڕۆسەیەی کە بانکی ناوەندی عێراق پەسەندی کردووە و هەفتانە لیستی نوێ بۆ بانکەکە ئامادە دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی خشتە و زانیاری پێویستە دەربارەی پڕۆسەی کردنەوەی هەژمارەکان و چاپکردنی کارتەکان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا هەفتەی ڕابردوو زانیارییەکانیان بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، هیوادارین بانکی عێراقی بۆ بازرگانی بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی خوازیار بکات.


#مووچە
#ئابووری
#باشووری کوردستان