راپۆرت و چاوپێکەوتن

نێچیرڤان بارزانی دەچێتە ئیمارات

23/05/2024
nechirvan barzani

دەنگوباس

سبه‌ینێ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیماراتی عه‌ره‌بی ده‌كات.

سبه‌ینێ نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ئیماراتی عه‌ره‌بی ده‌كات، کە هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ كڕینی غازی كێڵگه‌ی (كۆرمۆر) له‌ كۆمپانیای (هیلال)ی ئیماراتی و گواستنه‌وه‌ی بۆ وێستگه‌ی كاره‌بای كه‌ركووك، هه‌نگاوێك كه‌ ناڕایه‌تی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه ‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستانیش تا ئێستا هیچ قسه‌یه‌كی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌كردووه‌.

نێچیرڤان بارزانی لە دوای ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌مدواییانه‌ جوڵه‌ سیاسییه‌كانی زیاتربوون، له‌ نێوان به‌غدا و تاراندا هاتووچۆ ده‌كات، به‌م كرانه‌وه‌یه‌ توانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوابخات و هه‌ندێك گۆڕانكاری له‌ شێوازی هه‌ڵبژاردن دروست بكات و حزبه‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ناو پڕۆسه‌كه‌.

نێچیرڤان بارزانی سه‌ره‌تاكانی 2022 سه‌ردانی ئەنقەرەی كرد، له‌م سه‌ردانه‌دا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا داوای لێكرد هاوشێوه‌ی نه‌وت، غازی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده‌ی توركیا بكات، له‌دوای ئه‌م سه‌ردانه‌وه‌ دادگای فیدڕاڵی عێراق به‌ بڕیارێك یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و هه‌رێمی پابه‌ند كرد به‌وه‌ی نه‌وت و غازه‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات.

سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی غازی ماڵان و وێستگه‌كانی كاره‌با له‌ هه‌رێمی كوردستان كێڵگه‌ی كۆرمۆره‌ له‌ سنوری قادركه‌ره‌م، پارتی پشتیوانی هه‌نارده‌كردنی غازی كێڵگه‌كه‌ ده‌كات، یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ غازه‌كه‌ ڕاده‌ستی به‌غدا بكرێت و عێراق هه‌نارده‌ی بكات، له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت بودجه‌ و مووچه‌ی ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی خۆی دابین بكات.

كێڵگه‌كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌مریكا، توركیا و ئێرانه‌وه‌ چاوی له‌سه‌ره‌، ئێران كه‌ خۆی غاز له‌ توركیا و عێراق ده‌فرۆشێت دژی هه‌نارده‌كردنی غازی كۆرمۆره‌، بۆیه‌ هه‌رجارێك باس له‌ هه‌نارده‌كردن ده‌كرێت كێڵگه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌ر هێرش، تا ئێستا 9 جار كۆرمۆر كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر هێرش و له‌مدواییه‌ له‌ هێرشێكدا 4 كارمه‌ندی ئه‌و كۆمپانیایه‌ی له‌ كێڵگه‌كه‌دا كارده‌كات، كوژران.

پارتی به‌ر له‌ یه‌كێتیی په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ ئیمارات دروستكرد، به‌ڵام یه‌كێتیش به‌مدواییه‌ هێڵێكی په‌یوه‌ندی كردوه‌ته‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ حه‌لبوسی له‌ ئیمارات بینرا، به‌ر له‌وه‌ش شاندی ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتیی چوونه‌ ئیماراتی عه‌ره‌بی و به‌ وته‌ی خۆیان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ئه‌و وڵاته‌ كردووه‌.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی ھەرێم ڕایگەیاند، بەرھەمی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانەغاز) تەرخانکراوە بۆ کەرتی کارەبا، بۆیە ھەر بڕەگازێک کە بەرھەمبێت، نابێت بەبێ ڕەزامەندیی حکوومەتی ھەرێم بفرۆشرێت بە ھیچ لایەنێک.

هاوکات ڕۆژی چوارشەممە، ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، پێشتر لە وەزارەتی کارەبا لیژنەیەک پێکهێنراوە، دانوستاندنی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی هیلال کردووە بۆ هاوردەکردنی گاز بۆ وێستگەی گازیی کارەبای کەرکووک، بەو پێییەی گازی کێڵگەی کۆرمۆر گەیشتووەتە کێڵگەی جەمبوور، ئەوە ئاسانکارییە بۆ گەیشتنی گاز بە وێستگەی گازی کارەبای کەرکووک.

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق وتی، گفتوگۆکراوە وەک هەنگاوی یەکەم ڕۆژانە 100 مەقمەق بۆ وێستگەی کارەبای گازی کەرکووک هاوردە بکرێت، بە ئەگەری زیادکردنیشی، بەگوێرەی توانا و لێهاتوویی کێڵگەکە و توانای زیادکردنی بەرهەمهێنان، گفتوگۆ لەسەر نرخەکەشی کراوە، باش و پەسندە، لە گازی هاوردەکراوی ئێرانیش هەرزانتر دەکەوێت.


#نەوت
#باشووری کوردستان